لە قامیشلۆ بە خۆپیشاندان داوای زانیاری لەسەر چارەنووسی شەڕڤانە دیلکراوەکان کرا

بنەماڵەی ئەو شەڕڤانانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە بە دیل گیراون، لە قامیشلۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای زانیارییان لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان کرد، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرش و ڕفاندن کە لەلایەن گروپەکەوە ئەنجامدرا.

قامیشلۆ

 

خێزانی ئەو شەڕڤانانەی کە لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە بە دیل گیراون، ٢٥ی شوبات، خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە قامیشلۆ ئەنجامدا و داوای زانیارییان لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان و ئازادکردنیان کرد.

 

ئەم ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، لەگەڵ ڕفاندنی چەند شەڕڤانێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات ”هەسەدە” بووە.

 

ژنان و کەسوکاری شەڕڤانان وێنەی کوڕەکانیان و پانکارتیان بەدەستەوە بوو و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکات، گەل بەرەو بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارەکەدا ڕێپێوانیان کرد، لەوێ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی خوێندرایەوە کە تێیدا داواکارییەکانی خێزانەکان خرایەڕوو و داوایان کرد پەلە بکرێت بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان.

 

ئەم ناڕەزایەتیانە دوابەدوای ڕێککەوتنێکی نێوان هێزەکانی هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریایە، کە بووە هۆی کشانەوەی شەڕڤانانی هێزەکانی هەسەدە لە گوندەکانی ڕۆژئاوای فورات بەرەو سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەم کشانەوەیە دەرگای هێرشی لەناکاوی چەکدارانی هەتەشەی کردەوە بۆ سەر ئەو پێگانەی کە یەکینەکانی پاراستنی گەل ”یەپەگە” و یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە” یان بەدەستەوە بوو، لە ئەنجامدا کوژران و ڕفاندنی چەند شەڕڤانێک لە ٦ی کانوونی دووەمەوە.

 

لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، یوسف کوتی وتارێکی بەناوی خێزانی شەڕڤانە دیلکراوەکانەوە پێشکەش کرد و وتی: هێرشەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب کە چەتەکانی تورکیا بەشدارییان تێدا کردبوو، بە دەیان کەسی مەدەنی و شەڕڤانان کوژراون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێککەوتنە کە بڕیاربوو مسۆگەری کشانەوەی پارێزراوی شەڕڤانانی دێرحافر و مەسکانە بکات، گۆڕا بۆ "بۆسەیەکی خیانەتکارانە" کە بووە هۆی گرتنی هەندێک و شەهیدکردنی هەندێکی دیکە.

 

یوسف کوتی دووپاتی کردەوە، کە ئامانج لەم هێرش و دەستبەسەرداگرتنانە "شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد" بووە، بەڵام دانیشتووانان و شەڕڤانان بە یەکگرتوویی لە بەرگریکردن لە خاک و زێدی خۆیان وەستاون، هەروەها خێزانەکان بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەوکاتەی سەرجەم زیندانیان ئازاد دەکرێن، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە پاراستنی زێدی خۆمان و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان، لە شەقامەکاندا دەمێنینەوە تا ڕۆڵەکانمان ئازاد دەبن.

 

ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی دڵەڕاوکێی نێو خێزانەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی زانیاریی دروست سەبارەت بە چارەنووسی شەڕڤانە ڕفێندراوەکان، هاوکاتی زیادبوونی داوای دەستوەردان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و فشارخستنەسەر بۆ ئاشکراکردنی شوێنییان و دڵنیابوون لە پارێزراویان.