خۆپیشاندان دژی ڕژێم لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامە

دەربڕین ناڕەزایەتی بەرانبەر خوێندکارە کوژراو و دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە زانکۆکانی ئێران بە وتنەوەی درووشمی جیاجیا دژی ڕژێمی ئیران بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمڕۆ خوێندکارانی زانكۆی ئەمیر كەبیر و زانكۆی بەهەشتی تاران، زانکۆی خواجە ئەمیری، زانکۆی شەریف بە درووشمی “ژن ژیان ئازادی، مەرگ بۆ دیكتاتۆر” دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەڵام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران بە توندوتیژی وەڵام درانەوە.

 

خوێندکارانی زانکۆ لە بەرانبەر خوێندکارە گیانبەختکردووەکان و دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە.

 

ئەم ناڕەزایەتییە لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە لە زانکۆکان دەستیپێکردووە، بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خوێندکاران و ئەندامانی بەسیجی لێکەوتووەتەوە.

 

پێشتر گروپێک لە خوێندکارانی ٢٦ زانکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاندبوو، وەک ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و سەرکوتی حکومەت لە ناو زانکۆکاندا و توێژە ناڕازییەکانی دیکە، دەست دەدەنە مانگرتن، ئەم هەنگاوەی خوێندکاران نیشانەی فراوانبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ناوەندە زانستییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارە ئەمنییەکان.