ڕەخنە لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت
چالاکوان بەهار مونزیر ڕەخنە لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دڵیان نایەت دڵی دەوروبەر بشکێنن".
سلێمانی
بەهار مونزیر چالاکوان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بەو کەناڵە ڕاگەیاندنانەی ڕووماڵی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناکەن نووسیویەتی: "کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دڵیان نایەت دڵی دەوروبەر بشکێنن، دڵیان نایەت ڕۆماڵی ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و ئێران بکەن، نەوەك دروشمەکان دڵ تەنگیان بکات و باسی بڕوخێ و ئەو شتانەی تیابێت".
وتوشیەتی: "بەڵێ ئەوەیە هەوڵدان بۆ چاوبەستنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی میدیاکانەوە بە حەلقەی بێ مانا، ڕیکلامی برنج، ڕیکلامی چا، ئەوانە بەلایانەوە گرنگترە لە گیانی ئەو هەموو ژنە ئازایە، ئەو هەموو گەنجە ناڕازییە بێکارەی بە خوێنیان شەقامەکانیان سور کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە خۆشبەختانە هەموو کەس بەدیار ئەو کەناڵانەوە دانانیشن و خۆیان هەواڵەکان لە جیهانەوە وەردەگرن، دڵێ زۆرێك لە هاوڵاتیانی هەرێم لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندایە.