خەڵکی سوەیدا ئیدانەی لێدوانەکانی ئیسرائیل دەکەن
بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لێدوانەکانی ئیسرائیل، سەدان کەس لە دانیشتووانی سوەیدا لە گۆڕەپانی کەرامەت کۆبوونەوە و نیگەرانی خۆیان لە بێدەنگی حکومەتی کاتی دەربڕی کە لەوانەیە ببێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخەکە و شەڕی ناوخۆ.

روشیل جونیۆر
سوەیدا- سەدان کەس لە شاری سوەیدا لە سوریا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئیسرائیل و دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا و جەختیان لەوە کردەوە: ئێمە دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەکین، جا چ ئیسرائیلی بێت، چ ڕوسی بێت، یان تورکیا بێت.
لێدوانەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن هێزەکانی سوریا لە باشووری سوریا ("قنەیترە، دەرعا، و سوەیدا") و داوای دروستکردنی ناوچەیەکی "بێ چەک"، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "ئیسرائیل بەرگەی هیچ هەڕەشەیەک لە دژی کۆمەڵگەی دروزەکان لە باشووری سوریا ناگرێت"، توڕەیییەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم لێدوانانە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەشەممە، سەدان کەس لە سوەیدا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو لێدوانانە و دەربڕینی دژایەتی خۆیان بۆیان. ئەوان پێیان وایە ئامانجی هێزەکانی ئیسرائیل تێکدانی سەقامگیری دۆخی ناوچەکەیە.
ئەو ناڕەزایەتییە لەکاتێکدایە کە بێدەنگی حکومەتی کاتییە، کە خۆپیشاندەران بە نیشانەیەکی مەترسیدار دەزانن کە ڕەنگە دۆخەکە بەرەو هەڵکشان ببات و دواجار شەڕی ناوخۆی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی کە پەیامەکانی ناو لێدوانەکانی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە حکومەتی سوریا کردووە.
لە پەراوێزی ناڕەزایەتیەکەدا، یەکێک لە چالاکوانەکان، سەلام ئەلنەبوانی، وتی: ئێمە لە گۆڕەپانی کەرامەت ئامادەین بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆمان بۆ لێدوانەکانی ئیسرائیل، کە ئاماژەن بۆ بوونی پلانێک کە پێکهاتەی دروز لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. ئاماژه ی بەوەشدا: نیگەرانی هەیە لە بارەی ئەو پلانانەی که پێشنیاز دەکرێن، چونکه ئەوپلانانه، پلانەکانی ڕژێمی پێشوو به بیر دێننەوه که هەمان سیاسەتەکانیان دووباره کردەوه و ئەمەش دەبێته هۆی ئەوەی که خەڵک به بێ هیچ پشتیوانییەک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوه .
خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی کاتی کرد وەڵامی فەرمی بداتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر ململانێیەکی تائیفی ئەگەری هەبێت و ڕایانگەیاند: لەم قۆناغەدا متمانەمان بە هۆشیاری خەڵک هەیە. جەختیشیان لەوە کردەوە کە دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکین لە کاروباری ناوچەکە و ڕایانگەیاند: ئێمە دژی هەر پڕۆژەیەکی دەرەکیین و پێویستمان بە دەستوەردانی هیچ لایەنێک نییە.
لە لایەکی دیکەوە سەلام دەرغام، نوێنەری سەندیکای پارێزەرانی سوەیدا، ڕایگەیاند: ئێمە ناڕەزایی دەردەبڕین بەرامبەر بە لێدوانەکانی نەتانیاهۆ و ناڕەزایەتیمان بەرامبەر بە بێدەنگی حکومەت و وەڵامنەدانەوەی فەرمی بۆ ئەو لێدوانانە هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بێدەنگییە دەرگا بۆ سەرهەڵدانی سیناریۆی مەترسیداری نوێ دەکاتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، دارین عەزەم، چالاکی کۆمەڵایەتی، جەختی لە گرنگی یەکڕیزی لە سەرانسەری سووریا کردەوە و وتی: ئێمە دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەکین، جا ئیسڕائیلی، ڕووسی، یان تورکی بێت. ئاماژەی بەوەشدا، هەموو وڵاتان به ڕژەوەندیی خۆیان له ناوچەکەدا به دواوه و کارتی کەمینەکان بۆ گەیشتن به ئامانجەکانیان به کاردەهێنن.
ڕوونیشی کردەوە، "ئەمە فێڵێکی ئاشکرایە". "شوێنی جوگرافی سوەیدا وایکردووە ببێتە ئامانجی تەماح و باسکردن لە گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی سەلامەت ئەو ئەجێندایانە دەشارێتەوە کە هیچ مانایەکی ڕوونیان نییە". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا هیچ وەڵامێکی ڕوون لەلایەن حکومەتەوە نەدرێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە کە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی لە سوەیدا و دەرعا و قونەیترە". "بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی کاتی هەنگاوی جددی و بەرجەستە بگرێتەبەر، نەک تەنها لێدوانی تێپەڕاندن بدات".
هەروەها ئەسرا زەغبی، بەشداربووی ناڕەزایەتییەکە، وتی: ئەم لێدوانانە ئاژاوەی باشوور چڕتر دەکاتەوە و ئێمەش وەک خەڵک هاتووین بۆ سەر شەقام و دژایەتی خۆمان ڕاگەیاندووە.