خەڵکی کۆبانێ بۆ کۆمەڵکوژیی هەلینجێ و کۆبانێ ڕێپێوانیان کرد
دانیشتووانی شاری کۆبانێ بۆ ١١یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کۆبانێ و شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەلینجێ ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا. ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کردبوو، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان تووڕەیی خۆیان دەگۆڕن بۆ هێزی تێکۆشان و بەرخودان.
کۆبانێ – چەتەکانی داعش لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان لە شاری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری ئەنجامدا، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ، ژن و بەساڵاچوو شەهید کران. لە هەمان مانگدا و لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی هەلینجێ ئەنجامدا، کە تێیدا بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستار، زەهرا بەرکەل و هەبوون خەلیل، هەروەها دایکە ئەمینە وەیسی شەهید کران.
ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار بۆ ساڵیادی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە، خۆپێشاندانێکی جەماوەریی ڕێکخست. بە سەدان ژن و خەڵکی کۆبانێ بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کرد. خۆپێشاندانەکە لە گوندی هەلینجێ لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ دەستیپێکرد و لە شوێنی ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکەی هەلینجێ وەستان.
ژنانی بەشداربوو بەبێ وەستان دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە و لە شوێنی ڕووداوەکەدا پەیمانی خۆیان نوێکردەوە. هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، سارا خەلیل، لە خۆپێشاندانەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەبێ دابڕان یادەوەریی هاوڕێکانیان بە زیندوویی دەهێڵنەوە و ڕەنج و تێکۆشانی ئەوان دەگەیەننە سەرکەوتن.
ژنانی بەشداربوو بە ناوەکانی عەدلێ بەکر و جیھان بۆزان، ڕا و سەرنجی خۆیان لەگەڵ ئاژانسەکەماندا بەشکرد.
'ئێمە بە باج و قوربانیی گرانبەها دەستکەوتەکانمان بەدەستهێناوە'

عەدلێ بەکر ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان بە باج و قوربانیی گرانبەها دەستکەوتەکانی خۆیان بەدەستهێناوە و وتی: ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە باوەڕێکی مەزنەوە پڕۆژەی ئازادییان ئامێز گرت و خاوەندارییان لێکرد، توانییان لە هەر کایەیەکی ژیاندا و لە ئاستی پێشەنگایەتیدا تێکۆشانی خۆیان مەزنتر و بەربڵاوتر بکەن. لەبەر ئەمەش لە ناو شۆڕشدا باجی زۆر گرانیان دا، کە لە هەمان کاتدا توانییان دەستکەوتی زۆر گەورەش بەدەستبهێنن.
عەدلێ بەکر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان تۆڵەسەندنەوە فەرامۆش ناکەن و وتی: بەم بۆنەیەوە بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە لە دژی دوژمنانی ژن هەمیشە لە تێکۆشاندابین. کاتێک ئەمڕۆ ڕوو لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە دەکەین، ڕاستە برینەکانمان نوێ دەبنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا تووڕەیی و کینەشمان چەند بەرابەر دەبێت. ئێمە وەک ژن هیچ کاتێک تۆڵەی خۆمان جێناهێڵین و تۆڵەی هەوڵان و گەلەکەمان دەکەینەوە."
'ئێمە تووڕەیی خۆمان دەگۆڕین بۆ هێزی سەرکەوتن'

لە هەمان کاتدا جیهان بۆزان ڕایگەیاند کە ئەوان تووڕەیی خۆیان دەگۆڕن بۆ هێزی تێکۆشان و وتی: ئەمڕۆ هەر کەسێک کە لەم ڕێپێوانەدا ئامادە بوو، بەشێک لە ئازاری ئەم کۆمەڵکوژییانەی بەرکەوتووە کە ڕوویانداوە. لەبەر ئەوەشە کە ئەمڕۆ دڵمان دێشێت و ئەم ڕووداوانە دەهێنینەوە بەرچاوی خۆمان. ئەمڕۆ تووڕەییمان زۆر مەزنە، ئێمە ئەم تووڕەییە دەگۆڕین بۆ هێزی تۆڵەسەندنەوە. ڕاستی دەکەن، ئێمە نامانەوێت ئەم ئازارانە فەرامۆش بکەین، بۆ ئەوەی هەم ڕاستی دوژمن هەمیشە لەبەردەم چاوانماندا بێت و هەمیش تێکۆشانی خۆمان سست نەکەین.