"خۆکوشتن قەیرانێکی بێدەنگ و پێویستی بە پشتیوانی ڕاستەقینە هەیە"
فادیە عەوید، دەروونناس تیشکی خستەسەر زیادبوونی ئەم دواییەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ناوچەکەدا، جەختی لەوەکردەوە، کە پێدانی مافە سەرەتاییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە.

سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆپاراستن لە خۆکوشتن ئاشکرای دەکات، ساڵانە زیاتر لە ٧٢٠ هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا ژیانی خۆیان دەکوژن، ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردەوە، کە نزیکەی ٧٣%ی خۆکوشتنەکان لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا ڕوودەدات، کە ئەمەش جیاوازییەکی بەرچاوە لە پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی نێوان وڵاتان.
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆکارەکانی خۆکوشتن لەگەڵ هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتووری و بایۆلۆژی و دەروونییەکاندا تێکەڵاون، ئەمەش پێویستی بە ڕێبازی هەمەلایەنە هەیە بۆ چارەسەرکردنیان، لەو چوارچێوەیەدا، فادیە عەوید، دەروونناس لە ناوەندی شەهید ئامارە، دیدگای خۆی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر کۆمەڵگەکان باسکرد، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی مەترسییەکانی پەیوەست بەوەوە لەڕێگەی هۆشیاری و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە کردەوە.
"بەرزبوونەوەی مەترسی لەناو گەنجان، لەگەڵ چەندین هۆکار"
فادیە عەوید، ئاماژەی بەوەدا، کە ئێستا خۆکوشتن بە ڕێژەیەکی زۆر لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و سێیەم هۆکاری مردنە لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدایە لە زۆرێک لە وڵاتان، زۆرجار هۆکارەکانی ناڕوونن، کە ئەمەش داوای پەرەپێدانی میکانیزمی خۆپارێزی و دەستێوەردانی پێشوەختە دەکات.
ڕوونیشیکردەوە، کە پاڵنەرەکانی خۆکوشتن تەنها لە نەخۆشییە دەروونییەکاندا سنووردار نین، بەڵکو هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتووری و بایۆلۆژی و ژینگەی و دەروونییەکان لەخۆدەگرن، هەندێک کەس لە ئەنجامی فشاری خێزانی یان کۆمەڵایەتی خۆیان دەکوژن، مەرج نییە بەهۆی پشێوی ناوخۆییەوە بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، سەبارەت بەو گروپانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوانەی بەدەست توندوتیژی خێزانی یان تێکچوونی دەروونییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی خەمۆکی، زۆرترین زیانیان بەردەم هەوڵی خۆکوژی هەیە، خەمۆکی یەکێکە لە هۆکارە دیارەکان کە دەبێت بە ڕاستی وەربگیرێت.
ئاماژە و مەترسییەکان
فاکتەرە ئابوورییەکان و لەدەستدانی کەسێکی نزیک ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە زیادکردنی مەترسی خۆکوشتن، لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە خێزانەکە مێژووی خۆکوشتنیان هەبێت، بەڵام ئەمە بە بۆماوەیی دادەنارێت، بەڵکو ڕەفتارێکی فێربوونە، سەرەڕای ئەوەش، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، دەستدرێژی، ئالوودەبوون یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جەستەی هەمووی هۆکارێکن کە لەوانەیە مرۆڤ ناچار بکات ڕێگای خۆکوشتن هەڵبژێرێت.
سەبارەت بەو نیشانە و مەترسیانەی کە پێش خۆکوشتنی کەسێک دەردەکەون، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زۆر گرنگە گرنگی بە هەموو کەسێک بدرێت کە ئارەزووی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی دەرببڕێت یان دەستەواژەی وەک "خۆزگە هەرگیز لەدایک نەبوومایە" یان "دەمەوێت نەمێنم" بڵێت، ئەمانە نیشانەن کە نابێت پشتگوێ بخرێن.
جەختی لە گرنگی وەرگرتنی ئەم لێدوانانە کردەوە و وەک تەنها قسەی بێهودە ڕەتیان نەکاتەوە، چونکە گۆڕانکارییە سۆزدارییە توندەکان بە قووڵی کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ هەیە، هەروەها گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە خەمۆکی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە، لەگەڵیدا گرنگە چاودێری ئەو کەسانە بکرێت کە ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، چونکە ئەوان زیاتر تووشی ئازار دەبن.
"تەندروستی بە پشتیوانی و یەکسانی دەست پێدەکات"
پاش پێداچوونەوە بە هۆکار و مەترسییەکانی خۆکوشتن، فادیە عوئەید، جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە پێویستی بە تێگەیشتنێکی ورد لە پێوەرە دەروونی و ڕەفتارییەکانە، چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی ڕوون بێت بۆ ئەو هۆکار و دەرخستنانەی کە لە کەسدا دەردەکەون، ئەگینا ناتوانین ئەو کەسانە ڕزگار بکەین کە بیر لە کۆتاییهێنان بە ژیانیان دەکەنەوە، هەبوونی تۆڕی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی ڕۆڵی چالاک خێزان بە یەکێک لە گرنگترین بنەماکان دادەنرێت، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵسوکەوتی خۆکوشتن، دەبێت ئەو کەسە چارەسەری گونجاو وەربگرێت و تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان بگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێژەی هەوڵی خۆکوشتن لەنێو ژناندا لە ڕێژەی پیاوان زیاترە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکسانی ڕەگەزی بەتایبەت لەڕووی مافە سروشتییەکانی پەیوەست بە لەدایکبوون و کەرامەتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە پێویستە خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر بنەمای یەکسانی پەروەردە بکەن و ژنان لە مافەکانیان دوور نەخەنەوە، چونکە ئەمە بەشدارە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرزی خۆکوشتن.
فادیە عەوید لە بانگەوازێکی ڕوونی بۆ ژنان، داوای هاودەنگی و پشتیوانی یەکتری کرد،وتی: پێویستە ژنانی گەنج و ژنان و دایکان و خوشکەکان پاڵپشتی خێزانەکانیان وەربگرن و بە مافێکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە هێشتا بیرکردنەوەی پیاو بەسەریدا زاڵ دەبێت، بۆیە ئێمەی ژنان دەبێت دەستی یەکتر بگرین و لە ماڵەوە و لە شەقامەکان و لە شوێنی کاردا یەکتر بپارێزین و باوەڕمان بە سەرکەوتنە هاوبەشەکانمان هەبێت.