سافەت یامان یەکێک لە دایکانی شەممە کۆچی دوایی کرد

سافەت یامان یەکێک لە دایکانی شەممە گیانی لەدەستدا و لە ئاداپازار بەخاک سپێردرا، سافەت یامان لەپێناو دادپەروەری بۆ کوڕەکەی حسامەدین یامان، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئیستەنبوڵ بێسەروشوێن بوو، لە خەباتدا بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

سافەت یامان، یەکێکە لە دایکانی شەممە و ڕۆژی ٤ی کانوونی یەکەم لە ناوچەی ئاداپازاری شاری ساکاریا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی سەردیڤان لەلایەن کەسوکار و ئازیزانییەوە بەخاک سپێردرا. سافەت یامان لەپێناو دادپەروەری بۆ کوڕەکەی حسامەدین یامان، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئیستەنبوڵ لە دەستبەسەریدا بێسەروشوێن بوو، لە خەباتدا بوو.

 

دایکانی شەممە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتییان سەبارەت بە سافەت یامان دەڵێن: "دایکێکی دیکەی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ڕاستی ژیانی خۆی لەدەستدا، دایکە سافەت ئارام بنوو، تۆ وازت نەهێنا و ئێمەش واز لە گەڕان بەدوای حسامەدیندا ناهێنین".

 

حسامەدین یامان، خوێندکاری قوتابخانەی پیشەیی زانستە تەکنیکییەکانی زانکۆی ئیستەنبوڵ بوو، لە ٤ی ئایاری ١٩٩٢ لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بێسەروشوێن کرا، بنەماڵەی یامان چەندین داواکارییان بۆ دیارکردنی چارەنووسی کورەکەیان پێشکەش بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد، دایکی حسامەدین یەکێک بوو لە ئەندامانی دایکی شەممە کە بۆ چارەنووسی منداڵ و کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیان چەندین ساڵە لە خەبات و چالاکیدان.