ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: نیوەی دانیشتوانی جیهان بەرکەوتەی پەتای خوێنبەربوونن

دورگەی گویانای فەرەنسی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بووەتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵەوە هەفتانە ٨٠٠ حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پەتا خوێنبەربوون هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە لە مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە گەرم و ژێر گەرمەکاندا دەبینرێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، نیوەی دانیشتوانی جیهان بەرکەوتەی پەتای تای خوێنبەربوونن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە تایبەتمەندن بە کەشوهەوای گەرم و ژێر گەرم، وەک دورگەی گویانای فەرەنسی کە ٨٠٠ حاڵەتی تۆمارکردووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و هەفتانەش حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٨٠٠ حاڵەت لە دورگەی گویانا کە دانیشتووانەکەی ٣٠٠ هەزار کەسە.

 

بەڕێوەبەری پەیمانگای تەندروستی گشتی لە فاکەڵتی پزیشکی لە زانکۆی جنێڤ ڕوونیکردەوە، "لە ماوەی ٢٠ ساڵدا شاهیدی ئەم بڕە زۆرەی تووشبوون نەبووین، هەروەها بەربەستی پەتاکەمان تێپەڕاندووە لە ئەنتیل و زۆربەی دورگەکانی کاریبی، بەڵام لە دورگەی گویانا، ئەم دۆخە تا ڕادەیەک نوێیە".

 

دەزگای تەندروستی هەرێمی فەرەنسا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە سەرەتای مانگی شوباتدا لانیکەم ٢٥٣ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون و ١٠ کەسیان لە چاودێری چڕدان، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ١٠ کەس لە ئەنجامی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدابێت.

 

جێگای سەرنجە زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی تای خوێنبەربوون دەبن، تووشی نیشانە سووکەکان دەبن و هەندێک جار هیچ نیشانەیەکیان نییە، یان بەشێکی زۆریان تووشی تایەکی زۆر و سەرئێشە دەبن، جگە لە سکچوون و ڕشانەوە بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک، هەروەها ئەم پەتایە دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنبەربوون لە هەندێک ناوچەی گەرمدا و دەبێتە هۆی مردن بە تایبەت لەو کەسانەی کە کەمخوێنی خانەی داسکییان هەیە (شێواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن).