ئەمشا موسا بریندارێکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک: با بە ئارامی بژین

ئەمشا موسا تەمەن ٥٠ ساڵ کە یەکێک بوو لەو کەسانەی لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی تەمیم لە ناحیەی تل حەمیسە لە کانتۆنی جزیرە بریندار بوو، باسی لە هێرشەکە کرد و وتی: تورکیا چی لێمان دەوێت؟ با بە ئارامی بژین، لە دەرەوەی ئەم بیابانەدا هیچمان نییە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لە ٣١ی ئایاردا دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی سیخوڕی و بێفڕۆکەوان هێرشێکی بۆ سەر گوندەکانی تل کۆچەر و  تل حەمیسی سەر بە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا، بەگوێرەی بەیاننامەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چوار شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گیانیان لەدەستداوە و ١١ هاوڵاتی کە زۆربەیان لە یەک بنەماڵە بوون بە سەختی برینداربوون، هەروەها مانگی سووری کوردی کەتێک بۆ بەهاناوەچوونی برینداران دەچوو، لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە کرایه ئامانج.

 

١١ کەس لە یەک خێزان بریندار بوون و باری تەندروستییان ناجێگیرە"

ئەمشا موسا تەمەن ٥٠ ساڵ، دایکی سێ منداڵە خەڵکی گوندی تەمیم لە تل حەمیسە، هێرش کراوەتە سەر ماڵ و کێڵگەکانی، کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی دەچوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە تۆپبارانی کردووە و لە ئەنجامدا خۆی و ١٠ ئەندامی خێزانەکەی برینداربوون.

 

ئەمشا موسا باسی هێرشەکەی کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا دوو جار هێرشی کردە سەر ئێمە، یەکەم تۆپباران لە دەوروبەری کاتژمێر ١٥:٠٠ڕوویدا و زیانی بە کێڵگەکانمان گەیاند و کاتێک خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکان بووین جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەرمان، بارودۆخی من خراپە، زۆرێک لە ئێسکەکانم بەهۆی هێرشەکەوە شکاون، ئێستا پێویستم بە نەشتەرگەرییە، چاوەڕێم.

 

 "تەنها ئەم بیابانە هەیە، تورکیا چی لێمان دەوێت؟"

ئەمشا موسا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان تەنها دەیانەوێت بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن، بە شێوەیەکی ئاشتیانە دوور لە هێرشەکان و لە کۆتاییدا وتی: دەمانەوێت ڕێگەمان پێبدرێت بە ئاشتیانە بژین، تەنها ئەم بیابانە هەیە، ئێمە هیچی ترمان نییە، لە کێڵگەکانماندا کار دەکەین، چیان لێمان دەوێت و بۆ هێرش دەکەن؟ هەروەها موڵک و ماڵی ئێمەش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، نزیکەی ١٠ ماڵیش لەگەڵ ئامێرەکاندا سووتاون.