لە دهۆکەوە ٢٠٠ خێزانی دیکە گەڕێندرانەوە بۆ شەنگال

ڕێکخراوی 'ئای یو ئێم' پاش ١٠ ساڵ، ناوی نزیکەی ٢٠٠ خێزانی ئاوارەی کامپی شاریای لە دهۆک تۆمار کردووە، کە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ شەنگال.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی 'ئای یو ئێم' ناوی نزیکەی ٢٠٠ خێزانی ئاوارەی شەنگالی تۆمار کردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمڕۆ وادەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانەیە بۆ شەنگال.

 

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبوو هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە شەنگال بڕی چوار ملیۆن دیناری پێبدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و ئەو ٢٠٠ خێزانە ناگرێتەوە، کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە شەنگال.

 

جگە لەوەش لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، هەزار و ٨٤١ ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆک بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و  هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دیناریان پێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە.