ژنان هەڵمەتی واژۆکردنیان دژی تاڵیبان دەستپێکرد

گروپێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان هەڵمەتێکی واژۆکردنیان دەستپێکرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی لە ئەفغانستان کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە، مافی ژنان زیاتر پێشێل نەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپێک لە چالاکوانانی ژنانی ئیسپانی هەڵمەتێکی واژۆکردنیان بۆ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی دەستپێکرد، بۆ ئەوەی مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان و منداڵان بە 'تاوان دژی مرۆڤایەتی' ناوببەن.

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا هەزار واژۆ کۆکرایەوە، لەناو ئەوانەی واژۆیان کردووە، ڕۆژنامەنووس، پەرلەمانتار، پرۆفیسۆر، پارێزەر و هەروەها ژنانیش هەن کە لە کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن.

 

"مافە سەرەتاییەکانی ژنانی ئەفغانستان پێشێل دەکرێن"

لە داواکارییەکەدا هاتووە: "وەک ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان، لە بوار و پیشە جیاوازەکاندا، سەرمان سوڕماوە و دەمانەوێت دەنگمان بەرز بکەینەوە بۆ پشتگیریکردنی ژنان و منداڵانی ئەفغانستان، ژنانی ئەفغانستان تووشی فشار و توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە کە سەرەتاییترین مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن و مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان بە ڕوونی تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، ئەمەش بەپێی مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما".

 

هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "لەسەر داوای ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە وەک هەڵاواردنی جێندەری تاوانەکانی ئەفغانستان بناسرێت، داوا دەکەین کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنێت و داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکات، داوا لە حکومەتی ئیسپانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هەنگاو بنێن بۆ پێشگرتن لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا".