هیوا فاوندەیشن: بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ستانداری جیهانی زیاترە
ڕێکخراوی "هیوا فاوندەیشن" ئاشکرای کردووە، بە پێی پێوەرە جیهانییەکان هەر تاکێک ڕۆژانە ٢٠٠ لیتر ئاوی پێویستە، بــەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر کەسێک دوو هێندە و نیوی ئەو بڕە بەکاردەهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
گۆڕانی کەشوهەواو گرفتی کەم ئاویی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە پرسێکی جیهانییە و ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسییەکانی زیاتر دەردەکەون، لە هەرێمی کوردستانیش هاوڵاتیان بەدەست کەمتەرخەمی دەسەڵاتداران و سیاسەتی بێ ئاو کردن کاریگەرییان لەسەرە.
"هیوا فاوندەیشن" کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە، لە کەناڵی یوتیوبیان زنجیرەیەکیان بە ناوی "ئاڵەنگارییەکانی سەردەمـی ئـێمە" بڵاو کردووەتەوە و تێیدا بابەتی "چارەسەری کەم ئاوی و بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی کوردستان" شیکراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی پێوەرە جیهانییەکان هەر کەسێک ڕۆژانە پێویستی بە ٢٠٠ لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ٥٠٠ لیتر ئاو بەکاردەهێندرێت و هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ لیتر ئاو بە فیڕۆ دەدات.