مامۆستایان و فەرمانبەران جەخت لەسەر بەردەوامی بایکۆت دەکەنەوە

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەڵەبجە ڕژانە شەقام و داوایان لە مامۆستایان کرد، بە مووچەیەک بایکۆت نەشکێنن، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕێپێوانیان کرد و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان کرد، جەختیان لەسەر بەردەوامی بایکۆت کردەوە و داوایان کرد بایکۆت نەشکێنرێت تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

 

دەریا هەورامی، وەک چالاکوان و پاڵپشتیەک هەموو خۆپیشاندانێک بەشدارە و دەڵێت: ماوەی ڕابردوو "دەبێت"ەکەی وەزیر زۆربەی مامۆستایانی هێنایە شەقام و لە دژی وەستانەوە، ئێستاش مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت، بەڵام فشاری سەر مامۆستایان زۆرە و وادەکات هەندێک مامۆستا لەبەر ترس، تێری و کۆیلەیەتی بگەڕێنەوە بۆ هۆلەکانی خوێندن.

 

دەریا هەورامی باسی لەوەشکرد، پێویستە ماف و ئەرکەکان هاوتەریب بن و پێویستە رەچاوی دۆخی مامۆستایان بکرێت، وتیشی: ئێمەی مامۆستایان وانەی یاسا و بەها و پەروەردەیی دەڵێینەوە، پێویستە حکومەت پاڵپشت بە داواکانمان بێنە خەت.

 

سۆزیار یادگار، چالاکوانی مەدەنی، وتی: ئێمە وەک چالاکوانان دێینە سەر شەقام بۆ پشتگیری لە داوا و مافەکانی مامۆستایان، چونکە ئێمەش پەروەردەی دەستی مامۆستاین و تا بە دەستهێنانی مافەکان پێویستە پشگیرییان بین و پشتیان بەرنەدەین.

 

جێی ئاماژەیە خۆپیشاندانی مامۆستایان هاوکاتی دروستبوونی ئەنجومەنی فەرمانبەرانی ناڕازییە، کە شان بە شانی مامۆستایان دێنە سەر شەقام بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانییان.