تەنها لە زیقار لە ساڵێکدا ٥٦٠ توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە

لە زیقار لە ماوەی یەك ساڵدا ٥٦٠ توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كراوە و شارەزایانیش ئاماژە بەوەدەکەن، هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانی، شێوازی پەروەردەركردن و نەخوێندەوارییە.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی دژی ژنان بەهۆی عەقڵیەتی هەزاران ساڵەی پیاوسالاری درێژەی هەیە و لەو وڵاتانەشی ناکۆکی سیاسی و ئەمنی هەیە، دۆخەکە بۆ ژنان سەختترە و وایکردووە ڕێژەی توندوتیژییەکانی سەریان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندا بێت، بەجۆرێک تەنها لە پاریزگایەکدا ساڵانە سەدان جۆری جیاوازی توندوتیژی تۆمار دەکرێت.


دادوەر محەمەد حەسەن ئیبراهیمی، جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە كەیسەكانی توندوتیژی خێزانی وتی: بەپێی ئامارەكان تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لە قەزای ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، ٥٦٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كراوە.


باسی لەوەش كردووە، لەو ماوەیە هیچ توندوتیژیەك لەلایەن دایكانەوە دژی منداڵان تۆمار نەكراوە و دوو حاڵەتی توندوتیژی پیاوان دژی منداڵەكانیان تۆمار كراوە، هەروەها ٦ حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر گەنجان تۆمار كراوە،
شارەزایانیش ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆكارە سەرەكییەكانی توندوتیژی خێزانی بریتین لە خراپی پەروەردە كردن و نەخوێندەواری و خراپی بژێوی خێزانەكان.