دوای ٩ ساڵ دەوڵەتێکی دیکە هێرشی سەر شەنگالی بە جینۆساید ناساند

دوای ٩ ساڵ بەسەر هێرشی ٣ی ئابی سەر شەنگال کە بە هەزاران کەس کوژران و ئاوارەبوون، ڕفێندران و ژنان لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشران، بەریتانیا دانپێدانانی لەسەر جینۆسایدی شەنگال کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی ئابی ٢٠١٤ هێرشی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شاری شەنگال ڕوویدا، لەو هێرشانەدا سەدان کەس کوژران، دەستدرێژییان کرایە سەر، هەزاران کە، بە تایبەت ژنان ڕفێندران و ماڵەکانیان تاڵان کران و وێران کران.

 

لە کاتێکدا شەنگال لەژێر پاراستنی ١٢ هەزار پێشمەرگە و شەش هەزار سەربازی عێراقیدا بوو کە سنوور و ناوخۆیان دەپاراست، لەلایەن چەتەکانی داعشەوە هێرش کرایە سەری و ١٨ هەزار کەس لە هێزی پاراستن ڕایانکرد و شەنگال و ئێزیدییەکانیان بەتەنها بۆ کۆمەڵکوژی بەجێهێشت.

 

لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە چەندین وڵات دانپێدانانی لەسەر جینۆسایدی شەنگال کرد و لە دوای تێپەڕبوونی ٩ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا، بەریتانیا تاوانەكانی داعش دژی ئێزدییەكان بە جینۆساید ناساند.

 

لۆرد ئەحمەد، وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا ڕایگەیاند، ئێزیدییەكان لە عێراق نۆ ساڵ لەمەوبەر ئازارێكی زۆریان بە دەستی داعش چێشت، تا ئێستاش هەست بە كاردانەوەی ئازارەكان دەكەین، بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ژیان بۆ ئێزدییەكان دابین بكرێت.

 

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ لە دانپێدانانێكی مێژووییدا تاوانەكانی داعش دژی ئێزدییەكان بە جینۆساید ناسێندرا، ئەمەش پابەندبوونمان بەهێزتر دەكات بۆ ئەوەی قەرەبووەی ئەو كەسانە بكەینەوە كە زیانیان بەركەوتووە.

 

جێگەی ئاماژەیە، پێشتر حكومەتی بەریتانیا ئیدانەی كارە دڕندەییەكانی چەتەكانی داعشی لە دژی ئێزیدییەكان كرد بوو.