تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە کە لە بوومەلەرزەکەدا بێسەروشوێن ببوو

تەرمی ئەلیا کلینچی تەمەن دوو ساڵ و ٦ مانگ کە لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بێسەروشوێن بوو، لە ئەلعەزیز دۆزرایەوە، فاتمە کلینچ، پووری منداڵەکە ئاماژەی بەوەکرد، ناتوانێت پێناسەی ئەو ئازارە بکات کە ئەزموونی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەندامی هەرە بچووکی خێزانی کلینچ، ئەلیا کلینچی تەمەن دوو ساڵ و ٦ مانگ کە لە بلۆکی Z ی ئیبرار ستی دەژیان، لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو بیناکەیان ڕووخا، زیاتر لە ساڵێکە ئەو منداڵە بێسەروشوێن بوو، تەرمی دایک و باوکی و برا تەمەن پێنج ساڵانەکەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا، دوای بوومەلەرزەکە بەخاک سپێردران، تەرمی ئەلیا کە هەر نەدۆزرایەوە سێ ڕۆژ لەمەوبەر خێزانەکە ڕایانگەیاند کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوەو لە ئەلعەزیز بەخاک سپێردراوە.

 

تەرمەکە لەلایەن ماڵێکی دیکەوە وەرگیرا

بەپێی ڕاپۆرتی ئەرەن گۆڤەندیک لە ڕۆژنامەی دوڤار، تەرمی ئەلیا کلینچی لەلایەن کەسوکاری ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیەوە دۆزراوەتەوە کە لە هەمان بینادا دەژیان و گیانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، داواکاری گشتی پەیوەندی بە فاتمە کلینچ، پووری ئەلیا کلینچ کرد.

 

پووری لەو بارەیەوە وتی: کچەکەمان لەگەڵ براکەی دوای ١٠ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکە دۆزراوەتەوە، براکەم لە هەمان ڕۆژدا دەرهێندراو تەرمەکانیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی زانکۆ جێهێشت، لەوێ، خێزانێک لە ئەلعەلەزیز کە خێزانەکەی لەگەڵ براکەم لە بلۆکی Z لە ئیبرارستی دەژیان و ئەوان هەموو خێزانەکەیان لەدەستدا، برازاکەمیان لە عەلەزیز بەخاک سپاردووە، پشکنینی دی ئێن ئەیمان کردوەو هەمیشە کۆبوونەوەمان لەگەڵ دادگادا هەبوو، ڕۆژێک لە هەفتەکەدا دەچووین و دەهاتین. لە دادگاوە بانگیان کردین و وتیان سبەینی وەرن، بەڵام هیچ هیوایەکمان نەبوو.

 

تەرمەکە گۆڕدراوە و جارێکی دیکە بەخاک سپێردرایەوە

فاتمە کلینچ ڕایگەیاند، ئەو خێزانەی کە منداڵەکەیان لە دەست داوە تەمەنی ٨ ساڵ بووە، ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە منداڵی خێزانەکە لە ئەلعەزیز منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵانە، برازاکەم تەمەنی دوو ساڵ و ٦ مانگە، منداڵێکی بچووکە، چۆن هەڵە دەکەن؟ هەڵەیەکی بەو شێوەیە چۆن دەبێت، دوای چارەسەرکردنی ئەو هەڵەیە، تەرمی منداڵەکەی خێزانی یڵماز کە لە مەرەش بەخاک سپێردرابوو، ڕەوانەی ئەلعەزیز کرا و تەرمەکەی ئەلیاش هێندرایەوە بۆ ئەلبیستان.

 

ئایا مرۆڤ سوپاس بۆ تەرم دەکات؟ هەموومان سوپاسمان کرد

فاتمە کلینچ، ڕایگەیاند ئەو ئازارەی کە ئەزموونی کردووە پێناسە ناکرێت، ڕۆژی ٥ شەممە تەرمەکەیان بەخاک سپاردووەو وتی: ئەو کەسانەی کە تەرمەکانیان بێسەروشوینن هەمیشە دەڵێن "ئایا دەژین" خەڵک لە هەستێکی زۆر سەیردا دەژین، چاوەڕوانی هەیە، ترس هەیە، بۆیە... ئایا مرۆڤ سوپاس بۆ تەرم دەکات؟ هەموومان وتمان سوپاس، بەڵام ئەو ئازارەی کە تووشی بووین پێناسە نەکراوە، زۆر قورسە.