سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان بە شەو لە شارە جیاوازەکان

هاوڵاتیان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییان لە دژی ڕژێمی ئێران دەربڕی و دروشمیان بەرز کردەوە و ئابڵوقەیان بەڕێوەبرد.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوڵاتیان لە شارەکانی بۆکان، سنە، تاران، کرمان، مەشهەد دەستیانکرد بە گەمارۆدان و ناڕەزایەتی دەربڕین و وتنەوەی دروشم.

 

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، هاوڵاتیانی شاری سنە بە ئابڵوقە و ناڕەزایەتی دەربڕێن دروشمیان دژی ڕژێمی ئێران بەرز کردەوە، هەروەها له چەندین شوێنی تاران، لهوان، شارۆچکەی ئەکبەتان و شەقامی بەهەشت بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشم دەستیان بە گردبوونەوه و ناڕەزایەتی کرد.

 

هاوڵاتییانی شاری مەشهەد هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان وتەوە، لە هەمانکاتدا کە ڕێوڕەسمی "سەدە" لە شاری کرمان بەڕێوەدەچوو، هاوڵاتیان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە.

 

گەنجانی بۆکان کە لە شەقامەکەدا کۆبوونەوە، ئۆتۆمبێلی ئەو هێزانەی حکومەت کە هاتبوون بۆ بڵاوەپێکردنیان گەمارۆیاندا و پەنجەرەکانیان شکاند و دروشمیان دژی رژێمی ئێران دەوتەوە.

 

پێویستە بگوترێ کە پاش دەسپێکی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەرەڕای چەقبەستوویی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەمشەو ڕاپەڕینی هاوڵاتیان لە دژی ڕژێمی ئێران دەستیپێکردەوە و هاوڵاتیانی بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە.