خۆبەڕێوبەرى پابەندبوونى خۆی بە ئاگربەستەوە دووپات کردەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوبەرى پابەندبوونی تەواوى خۆی، بە ئاگربەستی تەواوەتی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، چەتەکانى جۆلانى بەردەوامن لە پێشێلکردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئیدارەی خۆبەڕێوبەرى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە پابەندبوونیان بە ئاگربەستەوە، هەروەها پێشێلکردنى ئاگربەست لەلایەن چەتەکانى هەتەشە و دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، راگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتى بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئەوەی ئەمڕۆ کۆبانی ئەزموونی دەکات، تەنیا هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاوانێکی جەنگی تەواوەتییە، ئەم شارە کە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای شکستی چەتەکانى داعش بوو، گرووپێک کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی دروست کردبوو،  ئەمڕۆ دەکرێتە ئامانج، چونکە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبانی کە بەرگری لە جیهان دەکرد، ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە ژێرخانەکەی کردۆتە ئامانج، ئینتەرنێتى پچڕاوە و لە جیهانی دەرەوە دابڕیووە، بێ ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماوەتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، ئەوەی لە کۆبانی و  جزیرە بە تایبەت دژی گەلی کورد دەگوزەرێت، شەڕێکی سیستماتیکی قڕکردنە بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانى، هەموو جیهان شایەتحاڵی ئەو پێشێلکاری و تاوانانەیە لە ڕەقە و ناوچەکانی دیکە بەرامبەر بە کورد و شەڕڤانان ئەنجام دراون، ئێستاش هەمان ئەو سیاسەتە تاوانکارییانە بە بێ سزای دووبارە دەبنەوە.

 

خۆبەڕێوبەرى پابەندبوونی تەواوى خۆی بە ئاگربەستی ڕاگەیەندراو دووپات کردەوە، هەروەها خۆبەخشی بێوچانی خۆیانى بۆ پاراستنی گیانی گەلەکەمان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند، بەڵام چەتەکانى جۆلانى بەردەوامن لە پێشێلکردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست بە پەرەپێدانی هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بەتایبەتی کۆبانی و ناوچەی جزیرە.

 

ئیدارەی خۆبەڕێوبەرى  بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر گەلەکەمان دەکات، دەستدرێژکاران بە تەواوی بەرپرسیارن لە کاردانەوەکانی ئەم هەڵکشانە مەترسیدارە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش دەکەن، دەستوەردانێکی بەپەلە و دەستبەجێ بکەن، بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و کۆتاییهێنان بەو تاوانە جەنگییانەی کە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.

 

هاوکات بانگەواز لە گەلی خۆڕاگر و دۆستانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان دەکەین، کە خەبات و بەرخۆدان چڕتر بکەنەوە، هەروەها بەرگری لەو دەستکەوتانە بکەن، کە لە سایەی قوربانیدانی شەهیدان و خۆڕاگری تێکۆشەران و ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان بەدەست هاتوون.

 

لە کۆتایی بەیاننەمەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ ڕۆژی یەکگرتوویی نەتەوەییە، ڕۆژێکە کە کورد لە هەموو بەشەکانى کوردستان بە یەکگرتوویی بەرامبەر ئەم شەڕە قڕکردنە وەستاوە، مێژوو ئەم خۆڕاگرییە بە زێڕ تۆمار دەکات و گەلەکەمان بە خۆڕاگرى دەمێنێتەوە، بە مافی ئازادی و کەرامەت و ژیانەوە دەگات.