خۆبەڕێوەبەری: مافەکان بە مەرسوومە کاتییەکان پارێزراو نابن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەبارەت بەوەی کە بە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە ١٣ ناسراوە ڕایگەیاند، کە مافەکان بە مەرسوومە کاتییەکان پارێزراو نابن، بەڵکو لەڕێگەی دەستوورێکی دیموکراتیکی ناناوەندییەوە دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بەوەی کە بە مەرسوومەكەی جۆلانی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدواداچوونمان کرد بۆ ئەو مەرسوومەی لەلایەن بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا دەرچووە و پەیوەندیدارە بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی جەخت دەکاتەوە کە مافەکان بە مەرسوومە کاتییەکان پارێزراو نابن، بەڵکو لە ڕێگەی دەستوورە هەمیشەییەکانەوە دەپارێزرێن، کە گوزارشت لە ئیرادەی گەلان و سەرجەم پێکهاتەکان دەکەن.

 

دەرکردنی هەر مەرسوومێک، نییەتەکەی هەرچییەک بێت، ناتوانێت دەستەبەرێکی ڕاستەقینە بێت بۆ مافی پێکهاتەکانی سووریا، ئەگەر بەشێک نەبێت لە چوارچێوەیەکی دەستووریی گشتگیر کە دان بە مافی هەموواندا بنێت و بیپارێزێت بەبێ جیاوازی، لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، وەک چۆن بە ڕوونی لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا هاتووە، جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتیکی فرەیی، کە مافی هەموو پێکهاتە، کۆمەڵگە و باوەڕە سوورییەکان بپارێزێت، بەو پێیەی ئەم فرەییە سەرچاوەی هێز و جوانیی ڕاستەقینەی سووریایە.

 

لە کاتێکدا دەبینین کە ئەم مەرسوومە ڕەنگە بە هەنگاوێکی یەکەم هەژمار بکرێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی خواست و ئومێدەکانی گەلی سووریا نییە، کە قوربانیی گەورەی داوە و شۆڕشێکی ڕاستەقینەی کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، و بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک کە هەمووان تێیدا بە ژیانێکی ئازاد و بە شکۆ کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی بژین.

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی ماف و ئازادییەکان لە سووریا لە دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر و دەستوورێکی دیموکراتیکی ناناوەندیدایە کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی نێوان هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات، و بنەماکانی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دابنێت.