خۆبەڕێوەبەری گەلی لە قڕکردن ڕزگار کرد
هێلین هاجەم، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری شاری کۆبانێ، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە شارەکەدا ڕایگەیاند، ئەم سیستمە گەلی لە جینۆساید ڕزگارکرد.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا، ئەم پڕۆژەیە بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی خەڵکی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ماف و ناسنامەکانیان دامەزراوە، پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری بوو بە ڕێگایەک بۆ چارەسەری دیموکراسی بۆ گەلی ناوچەکە و بۆ ململانێی سووریا، پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و مەزهەبەکانی ناوچەکە.
یەکێک لە بڕگە هەرە گرنگەکان لە خۆبەڕێوەبەری پشتیووانی لە ژنان و گەنجانە، بۆیە لە پێکهێنانی کۆمۆنەکانەوە تا سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ژنان جێگەیەکی ناوەندی داگیر دەکەن، ژنان لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرییاندا ڕەنگ و بیرکردنەوە و ناسنامەیەکی سەربەخۆیان هەیە، هێلین هاجەم، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری شاری کۆبانێ، سەبارەت بە ساڵیادی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد.
"خۆبەڕێوەبەری گەلی لە جینۆساید و لەناوچوون ڕزگار کرد"
لە سەرەتای قسەکانیدا، هێلین هاجەم باسی لە واتاو گرنگی خۆبەڕێوەبەری بۆ گەلی ناوچەکە کرد و وتی: لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سیستمی خۆبەڕیوەبەری لە هەر سێ کانتۆنی عەفرین و فورات و جزیرە بە ئامانجی ئامێزگرتنی هەموو پێکهاتەکان و خەڵکی ناوچەکە، بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە دەنگ و بۆچوونی خەڵک دامەزرا، لە کۆمۆنەکانەوە تا ئەنجومەنەکان گرنگی خۆبەڕێوەبەری ئەوەیە بۆ گەلی ناوچەکە کە ساڵانێک لەلایەن سسیتمی بەعسەوە رووبەڕووی فشارو لەناوبردن ببوونەوە.
"مافی کورد پێشێل کرا"
هێلین هاجم ڕوونیشیکردەوە، پێش دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری گەلی کورد بە پرۆسەی سەختدا تێدەپەڕی و وتی: پێش دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری گەلی کورد بە پرۆسەی سەختدا تێپەڕیبوو، مافە ڕەواکانیان دزرابوو، یەکێک لەوانە مافی قسەکردن و فێربوون بوو بە زمانی کوردی. لە ئێستادا ناسنامەی کورد لە سووریا بەردەست نییە، ئەمەش دەرئەنجامی باڵادەستی یەک ڕەنگە، بەڵام ئیدارەی نەتەوەی دیموکراتیک توانی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە بێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاسایش و ئارامیدا بژین و مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
"ژن مافەکانی خۆیان بەدەستهێناوە"
سەبارەت بە بەشداری ژنان و گەنجان لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری، اماژەی بەوەدا کە خۆبەڕێوەبەری توانی لە چوارچێوەی خۆیدا ماف و ناسنامەی ژنان بپارێزێت و وتی: لە هەمانکاتدا دەرفەتی ئەوەی بە گەنجان دا کە بوونی خۆیان دەرببڕن، ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەن و لیژنەکانی پەیوەست بە گەنجانەوە بەدیهات، ژنان، کە ڕووبەڕووی ستەم و کۆیلایەتی پیاوسالاری بوونەتەوە، ئەمڕۆ لە سایەی سیستمی خۆبەڕێوەبەرییدا ڕۆڵی خۆیان نیشانداوە و لە پۆستە بەڕێوەبردنەکاندا بەشدارییان لە بڕیاردانی گرنگدا کردووە، ژنان لەڕێگەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی مافە ڕەواکانی خۆیان بەدەستهێناوە.
"میراسی خۆی لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە وەردەگرێت"
هێلین هاجەم ئاماژەی بەوەدا کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ میراسی شۆڕشی ١٩ی تەمموزن و وتی: هەر هەنگاوێک ئەمڕۆ کە خۆبەڕیوەبەری دەینێت میراسی شۆرشی ١٩ی تەمووزە کە شۆڕشی ژنان پێناسەی دەکات، یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە هەموو نەتەوەیەک بە زمان و ناسنامەی خۆیەوە دەژی و هەر پێکهاتەیەک لە خوێندنگەو دامەزراوە پەروەردەییەکان بە زمانی خۆی دەخوێنێت.
"چارەسەری گونجاو سیستمی خۆبەڕێوەبەرییە"
هێلین هاجەم لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ململانێ بەردەوامەکان و چارەسەرەکانیان ڕاکێشاو وتی: جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گێژاو و ململانێدا تێدەپەڕن، سەرەڕای ئەم ململانێیانە، خۆبەڕێوەبەری توانی یەکسانی لە نێوان گەلان دابمەزرێنێت و بە جیهانی نیشان دا کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرەم دوای داڕمانی سیستمی سووریا، ئەم ململانێیانە بەردەوامن و لە داهاتوودا بەرەو شەڕی تائیفی گەورەتر دەبن، ئەمەش مەترسی دروست دەکات، بۆیە پێویستی بە جێبەجێکردنی سیستمێکی خۆبەرێوەبەری هەیە کە کۆتایی بە شەڕ لە ناوچەکە بهێنێت و مافەکانی گەلی سووریا بپارێزێت.
"پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکەنە ئامانج"
لە کۆتایی قسەکانیدا، هێلین هاجەم داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و وتی: پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشەکانی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا و هەڕەشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕابگرن، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا تا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە ڕابگرێت، ئەم هێرشانە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەکەنە ئامانج.