خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لە بەرخۆدانەوە بۆ بونیادنانی ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان قورسایی دەرئەنجامەکانی ناکۆکی لە ئەستۆ دەگرن، دەوڵەتە نەتەوەییەکانیش هەموو ئامرازەکانی خۆیان بۆ چەوساندنەوەی ژنان بەکاردەهێنن، کە ژنان جگە لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هیچ بژاردەیەکی کاریگەرتریان نییە.
					بێریڤان ئینتاجی
ناوەندی هەواڵ- ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دڵی ناوچە جێناکۆکەکاندا سەریان هەڵداوە، جا چ لە بەرەکانی شەڕدا بێت یان لە بەرەکانی پێشەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، ململانێ بەردەوامەکان و سەرکوتکردنی سیستماتیکی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە سەپێنراون، سێبەرێکی قورسیان خستە سەر ژیانی ژنانی ناوچەکە.
سەرەڕای ئەم ڕاستیە سەختە، ژنان بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ مافەکانیان و بەبڕیارانە کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا لە ڕێگاکانی ئاشتی و ئازادیدا بگێڕن، بەشداری چالاکانەیان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئەوانە بۆ شکاندنی خولەکانی توندوتیژی و بەشداریکردن لە بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر.
''گۆڕانێکی مێژووی لە خەباتی گەلی کورد''
پەکەکە ١٢هەمین کۆنگرەی خۆی لە وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا بەست، کە تێیدا بڕیارێکی مێژووی دا بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەی ئەو پارتە، دوابە دوای ئەوە لە ١١ی تەمووزدا ڕێوڕەسمێکی هێمای بە سەرکردایەتی بەسێ هۆزات بەڕێوەچوو، کە لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک چەکداری تەڤگەری کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک "تەڤ- دێم"چەکەکانیان لەناوبرد، هەنگاوێک کە گۆڕانکاری لە کردەی سەربازییەوە بۆ خەباتی سیاسی بەرجەستە بوو.
لەم پرۆسەیەدا ژنان وەک یاریزانی سەرەکی لە خەباتی ئازادیدا دەردەکەون و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پێشخستنی ئاشتی و دادپەروەریدا، دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتن لە پرۆسەی ئاشتیدا، ئەمەش ڕاستییەکە بە باشی لەلایەن ژنانەوە تێگەیشتوون، وە بەردەوامن لە ڕێکخستن و بەشداری چالاکانە لە کایە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان.
بەشداری ژنان لەم چوارچێوەیەدا بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و دیدێکی هەمەلایەنە لە دانوستانەکانی ئاشتیدا زۆر گرنگە، بوونی ئەوان تەنها لە پشتیوانیکردن لە داواکارییەکان سنووردار نییە، بەردێکی بناغە لە بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەر و دیموکراتیکدا پێکدەهێنێت کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هەموو کۆمەڵگە بێت.
''ژنان مسۆگەری ئاشتی و بەرگریکردنن لەخۆیان لەبەرامبەر ئاڵەنگاری سیاسیدا''
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پشتبەستن بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دەرچووە، ئامادەکارییەکان بۆ بەشداری چالاکانە لە پرۆسەی ئاشتیدا بەڕێوەدەچن، لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق باس لە یەکگرتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" لەگەڵ سوپای سووریا دەکرێت، هەروەها یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، لە ڕێگەی کۆبوونەوە ڕەسمیەکانیان لەگەڵ سەرکردایەتی، جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە چوارچێوەی ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" کردووەتەوە، لەگەڵ پابەندبوونیان بە مافی بەرگریکردن لە خۆیان.
لەو بوارانەی کە ژنان سەرکردایەتی پڕۆژەی بونیادنانی ژیانی بەکۆمەڵ دەکەن، کار بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی خۆڕاگر لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی ئایینی و ناسیۆنالیستیدا دەکەن، هەروەها ژنان لە ڕێگەی ئەم ڕۆڵە پێشەنگەوە هەوڵدەدەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی هەمەلایەنە لە سەرتاسەری سووریادا، ئەویش لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان ژنان و پیاو و مسۆگەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا.
هاوکات ژنانی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی ''هەتەشەوە'' کۆنترۆڵکراون، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە بۆ سەر ژیان و مافەکانیان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژنێک لەلایەن ئەوانەوە کوژرا، کە ڕووداوەکە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی توندوتیژییە دژی ژنانە، بەتایبەتی ئەوانەی لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکانەوە هاتوون و دەکرێنە ئامانج، هەروەها ژنانی دروز تووشی فشار و پێشێلکارییە بەردەوامەکان دەبن.
''نوێنەرایەتی یاسایی بەرامبەر بە ڕاستی توندوتیژی لە عێراق و لوبنان و میسر''
هەرچەندە یاسای عێراق مسۆگەری ٢٥٪ نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان دەکات، بەڵام ژنانی کاندید لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقدا ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە، لە بری ئەوەی بەشداری کێبڕکێی سیاسی دادپەروەرانە بکەن، زۆرێکیان کەوتە بەر فشار و توندوتیژییەکی توند، کە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئاڵەنگاریانەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، وە تیشکی خستە سەر پێویستی پاراستنی ڕاستەقینە و مسۆگەری کاریگەر بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشداریی بکەن بەبێ ترس و تۆقاندن.
دۆخی لوبنان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، ژنانی کاندید لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و خۆیان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە کە هەندێک جار ناچاریان دەکات بکشێنەوە، هاوکات ئەو چاکسازیانەی لە یاسای ساڵی ٢٠٢٤دا هاتوون، کە باس لە پرسەکانی ژنان دەکەن وەک تەمەنی هاوسەرگیری و مافی میرات، تا ئێستا بە ناتەواوی ماونەتەوە و هێشتا نەیانتوانیوە بگۆڕدرێن بۆ گۆڕانکاریی بەرجەستە.
سەرەڕای بەردەوامیی نایەکسانی، ژنان بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ پاراستنی مافەکانیان، جەخت لەسەر پێویستی هەنگاونان بەرەو پێشەوە بە چاکسازییە ڕاستەقینەکان دەکەنەوە کە مسۆگەری دادپەروەری و بەشداری یەکسان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکەن، وەک پێشهاتەکانی ئەم دواییەی میسر دەریدەخەن، پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە بەئامانجکردنی ژناندا هەیە، تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە لانیکەم ٧٠ ژن و منداڵ کراونەتە ئامانج، کە هەندێکیان کوژراون و بێسەروشوێنن، ڕووداوەکان ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو هەڕەشانەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، چ لە ڕووی جەستەیی و چ لە ڕووی مافەکانیانەوە.
ئەم ڕاستیە پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان ئاشکرا دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت ژیانی ژنان بەرتەسک دەکەنەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی لاواز دەکەن و ڕێگری لە خەباتیان بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەکەن.
''ژنانی ئێران لە نێوان گرتن و ئەشکەنجەداندا''
لە ئێران لە سەرەتایی دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی''وە، ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە پەرەسەندووەکان، وە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان، کە ژنانی چالاکوان لەناو زیندانەکاندا تووشی پێشێلکارییەکی قورس دەبن.
لە سایەی خۆڕاگری ژنان، سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەمەدی، چالاکوان، بۆ ٣٠ ساڵ زیندانی گۆڕدرا، لە وڵاتێکدا کە فشارەکان لە دژی چالاکوانان پەرەدەستێنێت، ئەم گۆڕانکارییە سەرکەوتنێکی هێماییە لە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتکەرییەکان و ڕەنگدانەوەی بەهێزی تەڤگەری ژنانە لە بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکان.
''ژنانی ئەفغانستان لە مافەکانیان زەوت دەکرێن و خەباتێکی نهێنی بۆ مانەوە ئەنجام دەدەن''
لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ژنانی ئەفغانستان لە سەرەتاییترین مافەکانیان لە خوێندن و دامەزراندن بێبەش دەکرێن، ئەوان ڕووبەڕووی ڕاستیەکی سەخت دەبنەوە کە بە داڕمانی سیستەمی چاودێری تەندروستی و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و سنووردارکردنی توند تایبەتمەندە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە لایەن ئاژانسەکەمانەوە کۆکراونەتەوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە لانیکەم ١٠ ژن و ٦ منداڵ کراونەتە ئامانج یان کوژراون یان بێسەروشوێنن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو هەڕەشانەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ئەفغانستان لە نێوان نەبوونی پاراستن و دادپەروەریدا.
''ژنان لە غەززە لە نێوان جینۆساید و کارەساتێکی مرۆییدان کە ژیانی مەدەنیان دەخاتە مەترسییەوە''
غەززە ڕادەی ڕاستەقینەی شکستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە بەرپرسیارن لە پاراستنی ژن و خەڵک لە جینۆساید، لە ناوەڕاستی قەیرانێکی مرۆیی خنکێنەردا، تا ئێستا ٦٨ هەزار و ٥٣١ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ١٢ هەزار و ٥٠٠ کەسیان ژن و ١٨ هەزار و ٥٠٠یان منداڵ بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان لە چەند مانگی ڕابردوودا بە تێکڕا ٦٣ ژن ڕۆژانە کوژراون لە ئەنجامی پەرەسەندنی بەردەوامی توندوتیژیەکان.
''ژنان لە دارفور: لە نێوان توندوتیژیی سیستماتیک و خزمەتگوزارییە داڕماوەکان''
ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژنان دروست دەکات، بەتایبەتی لە ناوچەی دارفور، لە سێ مانگی ڕابردوودا ٦٥٩ ڕووداوی توندوتیژی بەڵگەدار کراوە، کە لە ٩٤٪ی ئەو کەیسانە ئەوانەن کە ژنان و ژنانی گەنج کراونەتە ئامانج، هەروەها ڕۆژانە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان "CPJ"، بە لانیکەم ٣ ژنی ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە کانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٣ ڕۆژنامەنووسی دیکە بێسەروشوێن بوون، ئەم ژمارانەش ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە مەترسیدارەیە کە لە نەبوو پاراستن و لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی پیشەییەکانی میدیا و بەتایبەت ژنان دەبنەوە.
''داکۆکیکارانی مافی ژنان لە تونس ڕووبەڕووی سەرکوتی حکومەت دەبنەوە''
داکۆکیکارانی مافی ژنان لە تونس ڕووبەڕووی فشاری زیاتری دەسەڵاتداران بوونەتەوە، وە چالاکییەکانی ڕێکخراوە دیارەکانی وەک کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیکی تونس و کۆڕبەندی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تونس ڕاگیرا، سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە ژنان بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ مافەکانیان و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن، ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوت و درێژەدان بە کاری مەدەنی خۆیان نیشان دەدەن.
''ژنانی یەمەن لە دڵی پرۆسەی ئاشتی''
دوای یازدە ساڵ شەڕ، یەمەن بە دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاشتی نوێ گەڕایەوە پێشەنگی سەرنجی نێودەوڵەتی، هەرچەندە ژنان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، بەڵام بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتیدا.
''یەکخستنی خەباتی ژنان لە دژی توندوتیژی و ستەمکاری''
خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و سەرکوت و ململانێ ڕووبەڕووی شەپۆلێکی شێواندن بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش ژنان لە ناوچە جیاوازەکاندا بەردەوامن لە بەرخۆدان و داکۆکی لە مافەکانیان و بەشداری چالاکانە لە پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا.
ئەم ڕێگایە نەک هەر خزمەت بە ژنان دەکات، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو داهاتوویەکی دادپەروەرتر و سەقامگیرتر بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها خەباتی بەردەوامی ژنان لە دژی توندوتیژی و چەوساندنەوە بەهێزتر دەکات.