گەرمیان، ماتۆڕسکیلێک منداڵێک دەکات بە ژێرەوە و گیان لەدەستدەدات

لە شاردێی ڕزگاریی لە گەرمیان منداڵێکی ٧ ساڵان ماتۆڕسکیل لێی دەدات و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات، هاوڵاتیانیش وەک ناڕەزایەتی ڕێگەی کۆڵانەکە دادەخەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ لە شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ماتۆڕسکیل لە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بە ناوی ئانیا ئازاد دەدات و بە سەختیی برینداری دەکات.

 

بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئەگەرچی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، گیان لەدەستدەدات.

 

هەر بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەش بەسەختیی برینداربووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، بەڵام ئەویش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، هاوکات لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ وەک هەڵوێستێک بۆ خەمساردی حکومەت بەرامبەر هاتوچۆیی نائاسایی و نایاسایی ماتۆڕەکان ڕێگەی مزگەوتی حاجی عومەر بۆ ڕێگەی حەوت هەزار دادەخرێت لە شارۆچکەی ڕزگاریی.