خەڵاتی غوربەتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس؛ ڕێی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووناک دەکاتەوە

شەهید غوربەتلی ئارسۆز بەردەوامە لە ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای ژنانی ڕۆژنامەنووس، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار خەڵاتی غوربتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس بەڕێوەدەچێت، کە هیوایەکی نوێ بە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبەخشن و ئیلهامبەخشن بۆ ئیرادەیان.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد- ئێستا داواکاری بۆ خەڵاتی غوربتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس کراوەیە، کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا "MKG" ڕێکخرابوو، خەڵاتەکان ڕێزلێنان لە ڕۆژنامەنووسی شەهید غوربەتلی ئارسۆز، یەکەم ژنە سەرنوسەر لە مێژووی ڕۆژنامەنووسانی تورکیادا دەگیرێت و یادی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکاتەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو ڕاستی و ئاشتیدا بەخت کرد.

 

غوربەتلی ئارسۆز لە ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی ئاکبولوت نزیک شاری عەزیز لە باکووری کوردستان لەدایک بووە، ئەو ژنە بەشی کیمیا خوێندوە و ماستەری لە ژینگە و وزەدا هەیە، بەڵام کیمیابارانی هەڵەبجە ڕەوتی ژیانی گۆڕی، وەک توێژەری زانکۆ کاری کردوە و لە ساڵی ١٩٩٠ بە تۆمەتی سەر بە پەکەکە دەستبەسەر کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە، دواتر بوو بە هێمای خەباتی ژنان و چاپەمەنی ئازاد لە کوردستان.

 

داواکاری بۆ خەڵاتی غوربتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامە نووس لە ١٧ی حوزەیران کرایەوە و تا ٢٨ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، خەڵاتەکان لە چوار بەشی هەواڵی کوردی، هەواڵی تورکی، فۆتۆ، و هەواڵی فۆتۆ یان ڤیدیۆی دەبەخشرێن، لە ٦ی تشرینی یەکەمدا بەشداربووانی براوەکان ڕادەگەیەنرێن و خەڵاتەکان لە ڕێوڕەسمێکدا لە ٨ی تشرینی یەکەمدا پێشکەش دەکرێن، کە یادی شەهیدبوونی غوربەتلی ئارسۆز دەکەنەوە.

 

ڕۆزا مێتینا، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا "MKG" و میدیا پاڵ، سەرنووسەری ئاژانسی وڵات، باسیان لە گرنگی ئەم پێشبڕکێیە کرد و بانگهێشتنامەیەکیان پێشکەش بە ژنانی ڕۆژنامەنووس کرد کە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکەن، جەختیان لەوە کردەوە، کە ئامانجی پێشبڕکێکە بەهێزکردنی هاودەنگییە لە نێوان ژنانی ڕۆژنامەنووس و زیاتر دەرکەوتنی هەوڵەکانیان.

 

ڕۆزا مێتینا ئاماژەی بەوەدا، کە دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا (MKG) هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە یەکەمین سەرنووسەری ژن، گوربەتلی ئارسۆز شەهید بوو، کۆمەڵەیە بۆ ئەوە دامەزراوە کە دەنگی هەموو ژنانی ڕۆژنامەنووسی گۆشەگیرکراو بێت، و ئەوان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کەرتی ڕاگەیاندن دەربکەوێت.

 

"بۆ بەبیرهێنانەوەی غوربەتلی ئارسۆز و بەردەوامکردنی ناوەکەی"

ڕۆزا مێتینا ڕوونیشی کردەوە، کە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دامەزراوە، بۆ یەکەمجار ئەمساڵ پێشبڕکێیەک سازدەکات بۆ یادکردنەوەی غوربەتلی ئارسۆز کە لە بواری ڕۆژنامەنووسدا خەباتی کرد، بۆ ئەوەی لە بیر نەکرێت، هەروەها بۆ پاراستنی میراسەکەی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە خەڵاتی غوربتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس زۆر گرنگە بۆ هاندانی ژنانی ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکردن لە هەوڵەکانیان، ئێمە چاپی یەکەمی ئەم پێشبڕکێیە ڕێکدەخەین، بەو پێیەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە نێو شەپۆلێکی هێرشەکاندا هەوڵدەدەن پیشەکەیان پراکتیزە بکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەمانەوێت هەوڵی ژنان ڕۆژنامەنووس زیاتر دەربکەوێت.

 

لەم هەلومەرجە دژوارەدا لە هەموو کاتێک زیاتر ڕوونە کە ئەم پێشبڕکێیە یەکەمین پێشبڕکێیە، بەڵام بە بەشداری ژنان ڕۆژنامەنووس واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت

 

ڕۆزا ماتینا لە بانگەوازێکدا بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس کە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکەن، وتی: بانگەوازەکەمان ئاراستەی هەموو ژنانە، لە هەر شوێنێک بن دەتوانن کارەکانیان پێشکەش بکەن بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێکەدا، بەم شێوەیە ئێمە یەکڕیزیمان بەهێزتر دەکەین و بەکۆمەڵ بەرگری لە هەوڵەکانمان دەکەین.

 

"خەڵاتەکان هیوایەک بە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبەخشن"

میدیا پاڵ، ڕۆژنامەنووس، وتی: خەڵاتی غوربتلی ئارسۆز بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەوە دەسەلمێنێت کە ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهێز بوون، و لە ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەن، ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهێز و پێداگر بوون، سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە، ئێستا گەیشتووینەتە ئاستێک کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە لایەن هاوتەمەنەکانیانەوە خەڵات دەکرێن وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانیان، لەم ڕوانگەیەوە ئەم پێشبڕکێیە زۆر گرنگە و هیوا بە ژنانی رۆژنامەنووس دەبەخشێت بۆ ڕۆژانی داهاتوو.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە کۆمەڵگەکانی پیاوسالاریدا چەندین سەدە مافەکانی ژنان پشتگوێ خراوە و ژنانیش بە بەهێز و ئیرادەدار هەژمار نەدەکران، بەڵام ژنان بەرەنگاری بوون و سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی ئەم مێژووە، بە تایبەتی ئاماژەیان بە جوگرافیای کوردستان کردوە، وتی: چەند سەدەیەک ڕاستی گەلی کورد و کوردستان پشتگوێ خراوە و لەم پەراوێزخستنەشدا ژنان لە کۆمەڵگەدا دووچاری زوڵم و چەوساندنەوە دوو هێندە بوون، زیاتر بەرەوڕووی هێرش و فشار بوونەتەوە لەبەر ئەوەی کوردبوون و ژن بوون، لە هەمان کاتدا بەرخۆدانێکی ناوازەیان پێشکەش کرد بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، بێگومان ڕۆڵی چاپەمەنییەکی ئازاد لەم خەباتەدا زۆر گرنگە، بەو پێیەی ڕۆژنامەنووسان، چ ژن و پیاو، لە چوارچێوەی کۆمەڵگەدا کار بۆ کۆمەڵگە دەکەن.

 

"پێشبڕکێیە نیشان دەدات کە چۆن خەبات لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ گەشەی کردووە"

میدیا پاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، کە کرێکارانی چاپەمەنی ئازاد هەوڵدەدەن بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە و ستەملێکراوان بە جیهان، غوربەتلی ئارسۆز کەسایەتییەکی دیارە لەو بوارەدا، ئەو ژنە کیمیاکار و ڕۆژنامەنووس و خەباتکار بو، وە بوو بە نمونەیەک بۆ ژنان، نەک هەر سەرکردەیەکی بیرکردنەوە، بەڵکو پێشەنگ بوو لە گۆڕینی ئەو بیرۆکانە بۆ کردار، ئەم پێشبڕکێیە نیشان دەدات کە چۆن خەبات لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ گەشەی کردوە، کە هەرگیز پاشەکشەی نەکردوە، بەڵکو هەمیشە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشبڕکێیە وەڵامدانەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووسە بۆ هەموو جۆرەکانی ستەم و مەرگ و هەڕەشە و ئەشکەنجە، ژنانی ڕۆژنامەنووس، وتیان: ئێمە هێشتا لێرەین، سەرەڕای هەموو شتێک، هەموو جیهان لەبارەی بوونی ئێمەوە دەزانێت، چونکە خەباتی گەلی کورد خەباتێکە بوو بۆ پاراستنی بوونی خۆی، بەڵام ژنان خەباتیان کرد بۆ ناسنامەی خۆیان وەک کورد و ژن، ڕۆژنامەنووسەکان کە شوێن پێی غوربەتلی ئارسۆز دەگرن، بەم شێوەیە وەڵامی ئەو فشارانە دەدەنەوە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

"بەخشینی هیوا و بوێری بە نەوەکانی داهاتوو"

میدیا پاڵ جەختی لەوە کردەوە، کە پێشبڕکێکە هیوا و ئازایەتی بە نەوەکانی داهاتوو دەبەخشێت، هەروەها خەباتی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەبووە، دەتوانین کاریگەری خەباتێک ببینین کە لە کوردستان و ئەفغانستان و هیندستان دەستی پێکرد، کاتێک بزووتنەوەیەک لە ئەفریقا دەست پێدەکات، کاریگەرییەکانی لە کوردستان دەبینرێت، هەر بۆیە هاودەنگی ژنان لە سەرانسەری جیهان و هاوپشتی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان، ئەوەندە گرنگە و دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت.

 

میدیا پاڵ لە کۆتاییدا، داوای لە ژنانی گەنج کرد کە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا دەستپێدەکەن، لەگەڵ ئێمە بن بۆ فراوانکردنی ئەم خەباتە ،بەشێک بن لە ڕۆژنامەگەرییەکی ئازاد کە خەباتی بەردەوام زیاتر دیار بکات.