خەڵاتی چڵە نێرگز لەسلێمانی دابەشکرا

بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی، مەڕاسیمێکی تایبەت لە سلێمانی ئەنجامدرا و تێیدا خەڵاتی چڵەنێرگز بەخشرایە چەند ڕۆژنامەنووس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن.

سلێمانی 

 

دوێنێ ٢٢ی نیسان، لەپارکی ئازادی شاری سلێمانی، بە بۆنەی ١٢٧هەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی، لە مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریان بەناوی "چڵە نێرگز"ئەنجامدا، تێیدا چەند  دەزگایەکی ڕاگەیاندن و چەند ڕۆژنامەنوسێک خەڵات کران، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەورووپا واژو کرا. 

  

لە سەرەتادا هۆزان قادر، نوێنەری ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور قسەی کردو وتی: جگە لە دابەشکردنی خەڵات یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەورووپا واژو دەکەین، کە تێیدا بەفەرمی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەورووپا سەنتەرێکی چاودێری دەکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان، بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزبای لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسان کرد بە کردنەوەی ئەو سەنتەرە تاوەکو لە داهاتوودا ببێتە بەرگریکارێک بۆ ڕۆژنامەنووسان . 

  

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەبێ زانیاری ڕاست و درووست و بێلایەنی ناتوانین بگەین بە بڕیارێکی درووست، ئەگەر هەرچەندە بڕوانامەکانمان بەرزبێت، یاخود چەند پایەکانی حکومڕانی لە وڵاتەکەماندا بەرزبێت، بۆیە ڕۆژنامەنووسان ئەرکێکی سەخت و پیرۆز و گران جێبەجێدەکەن. 

  

سۆما خالید، ڕۆژنامەنووس وتی: ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لەباشووری کوردستان، بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیی، کە لەلایەن دووڕێکخراوە ئەنجام دەدرێت، خەڵاتی چڵەنێرگز دەبەخشرێتە بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان، کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین خزمەتیان بە کۆمەڵگە گەیاندووە. 

  

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئەرک و بەرپرسارێتیەکانیان بەرامبەر کۆمەڵگە، هەروەها ببنە ڕێگەی حەقیقەت، بتوانن پشتی ڕووداوەکان و پێشهاتەکان بەشێوەیەکی ڕاست وەکو خۆی بگەیەنن بە بینەر، هیوادارم ئەو دەزگایانەی کە لەم ڕۆژەدا لەناو باشووری کوردستان فەوزایەکیان درووست کردووە لەڕێگەی هەواڵەکانیانەوە، بابەتەکانیشیان دوورن لە ڕاستیەوە، پێداچونەوە بە کارەکانیان بکەن، تاوەکو نەبنە لایەنێک بۆکۆکردنەوەی ڕێژەی زۆری بینەر، ڕێگەی ڕاست بگرنەبەر، داواش لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان دەکەم، ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێن لەناو دەزگاکان یان لەناو کۆمەڵگەدا،  هەڵوێستی جدی لەسەر وەربگیرێت و بتوان بەهاوکاری یەکتر یارمەتیدەری یەکتربن بۆ کەم کردنەوەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان، هەروەها داوا لە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکەم بە بوێرانە و بە توانای خۆیان بێنە ناو مەیدانی کارکردنەوە لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن.