خانێ بەنەک: تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەم
خانێ بەنەکی تەمەن ٩١ ساڵ کە ماوەی ٣٦٥ ڕۆژە لە کامپی مەخموور بەشداری لە چالاکی ئێشکگری بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگای ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان خەبات و بەرخۆدانە.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور-گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" لە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە گەشتی پەنابەرانیان دەستپێکرد و لە مەخموور نیشتەجێ بوون دوای گۆڕینی ٧ کامپ، ماوەی ٣٠ ساڵە درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.
ژنانی مەخموور لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن، بەتایبەتی لە چالاکییەکانی دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، یەکێک لەو ژنانە ناوی خانێ بەنەکە و تەمەنی ٩١ ساڵە، ماوەی ٣٠ ساڵە ڕووبەڕووی پەنابەریی بووەتەوە، بووەتە ڕەمزی چالاکیی ئێشکگری کە لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە دژی گۆشەگیریی توندی ڕێبەری گەلی کورد دەستی پێکردووە.
خانێ بەنەک کە لە سەرەتای ئەم بەرخۆدانە ٣٠ ساڵەیەوە خەریکی بەرخۆدان و خەبات بووە، هەموو ساتەکانی ژیانی لە خەباتدا بەسەر بردووە، دوو کوڕی خانێ بەنەک لە کاتە جیاوازەکاندا پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کرد و گیانیان لەدەستدا.
خانێ بەنەک کە تا ئێستا بە خەبات و بەرخۆدان ژیاوە، بووە بە پێشەنگ و ڕەمزی چالاکییەکانی مەخموور، ماوەی ساڵێکە واتە ٣٦٥ ڕۆژە بەشداری لە چالاکی ئێشکگری دژ بە گۆشەگیریی توندی ڕێبەری گەلی کورد دەکات و لەوبارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ڕێبەرەکەمان بۆ تەواوی مرۆڤەکان دەستی بە تێکۆشان و بەرخۆدان کرد"
لە سەرەتای قسەکانیدا خانێ بەنەک تیشکی خستەسەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ماوەی ساڵێکە ئێشکگری بەردەوامە، داواکارین کۆبونەوەیەک لەگەڵ ڕێبەر هەبێت، ڕێبەر بۆ هەموو مرۆڤەکان دەستی بە خەبات و بەرخۆدان کرد، گۆشەگیری لەسەری دڕندەیی و چەوساندنەوەیە، ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی ڕاگیراوە و ماوەی چوار ساڵە هیچ زانیارییەکمان دەربارەی پێنەگەیشتووە، ستەم و توندوتیژی قبوڵ ناکەین و هەرگیز دەستبەرداری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ نابین، چونکە ڕێبەر ئاپۆ ئێمەی لە هیچەوە هێنایە بوون، لە گۆڕستانی تاریک دەرهێناین بۆ ڕووناکی.
"پێویستە ژنان پێشەنگایەتی بکەن و بەشداری هەموو چالاکییەکان بکەن"
خانێ بەنەک لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا ژنان دەبێت ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن و وتی: ئەو چالاکیەی دەستمان پێکرد، ساڵێکی تەواو کردووە، من هەر لەو ڕۆژەوە کە چالاکییەکە دەستی پێکردووە بەشداریم کردووە، تا کۆتاییش بەردەوام دەبم، ڕێبەر دەڵێت "من لەلایەن ژنانەوە ئازاد دەبم" پێویستە ژنان پێشەنگایەتی بکەن و بەشداری هەموو چالاکییەکان بکەن.
"تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەم"
لە کۆتایی قسەکانیدا، خانێ بەنەک داوای لە هەموو ژنانی جیهان کرد و وتی: داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەم بەشداری چالاکییەکان بکەن و خەبات و بەرخۆدانیان بەهێزتر بکەن، پێویستە هەموو ژنان دەستی یەکبگرن و هەرچی لە توانایاندایە بیکەن، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەم.