خالیدە زیا سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەنگلادیش کۆچی دوایی کرد
خالیدە زیا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەنگلادیش لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کە بڕیاربوو لە هەڵبژاردنی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ بەشداری بکات، کە چاوەڕوان دەکرا جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران.
ناوەندی هەواڵ
خالیدە زیا یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی بەنگلادیش، سێ جار وەک سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش کاری کردووە، هەروەها سەرکردایەتی پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیشی کردووە لە دژایەتیکردنی ڕکابەرە مێژووییەکەی شێخ حەسینە، هەروەها ئەو بە "سەرکردەی سەخت" ناسرابوو، ژیانی پیشەییشی قۆناغی سەختی تێدابوو لەوانە زیندانیکردن و لێپێچینەوە.
خالیدە زیا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەنگلادیش، ٣٠ی کانوونی دووەم، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کە بە گوتەی پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش چاوەڕوان دەکرا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات.
سەرەڕای زیندانیکردن و تێکچوونی باری تەندروستی، خالیدە زیا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ئیرادەی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا پشتڕاستکردەوە کە بڕیارە مانگی شوباتی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ساڵی ڕابردوودا ڕکابەرەکەی شێخ حەسینەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
خالیدە زیا لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی ئەوەی تووشی چەند کێشەیەکی تەندروستی ببوو و باری تەندروستی تێکچوو، هەروەها دوێنێ کارمەندانی پارتەکەی بەڵگەنامەی کاندیدبوونی بۆ سێ ناوچەی هەڵبژاردن کە پێشکەشی کردبوو بڵاوکردەوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک پێش مردنی.
خالیدە زیا سێ جار پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ لەژێر حکوومەتی شێخ حەسینە زیندانی بکرێت، هەروەها ڕێگری لە سەفەرکردنی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری پزیشکی لێکرابوو، کە ساڵی ڕابردوو دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی دەسەڵاتی شێخ حەسینە ئازاد کرا.
ڕۆژنامەی "بروسوم ئالۆ"ی بەنگلادیشی ڕایگەیاندووە، خالیدە زیا ناسراو بە "سەرکردەی سەخت" ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و زیندانیکردن و گۆشەگیری و هێرشی نەیارانی بووەتەوە و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگارییانە بووەتەوە.