عێراق کێشەی کەمی ئاو لەگەڵ ئێران و تورکیا تاوتوێ دەکات
عێراق کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران و تورکیا ئەنجام دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە ئاو، بەنداوەکانی ئێران و تورکیا کاریگەرییان لەسەر ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات هەبووە کە نزیکەی ٪ ٩٠ی یەدەگی ئاوی شیرینی عێراق پێکدەهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە عێراق پێشبینی دەکات بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی لەگەڵ ئێران و تورکیا ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە ئاو.
بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە لە پەراوێزی سێهەمین کۆنفرانسی ئاوی بەغداد قسەیان کرد کە لە کۆتایی هەفتەدا بەڕێوەچوو و ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی "کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی تایبەتمەند لە داهاتوویەکی نزیکدا" لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی عێراق.
بەنداوەکانی دروستکراوی ئێران و تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات هەبووە کە نزیکەی ٪ ٩٠ی یەدەگی ئاوی شیرینی عێراق پێکدەهێنن.
ڕائید جاشامی، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی سامانە ئاوییەکان ڕاگەیاندووە: "ئێمە هەردوو وڵاتمان ئاگادارکردەوە کە پێمان خۆشە بگەینە ڕێککەوتنێکی نووسراوی نێوانمان لەسەر ئەم کێشەیە بەو پێیەی بارودۆخەکە گۆڕاوە، هەردوولا کاریانکردووە لەگەڵ داواکارییەکانی عێراق کە داوای چوونە پێشەوەی ڕێککەوتنە هەمیشەییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کاتیەکانی پێشوویانی دەکرد، هەردوولا لە توندی ئەو کێشانە تێدەگەن کە عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە."
لە میانی کۆنفرانسەکەدا محەمەد شیعە سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگەوازی بۆ "دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی" بۆ عێراق کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو کە پرسی ئاو نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە هەموو وڵاتان بووەتە بابەتێکی هەستیار، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادا زیانی بەرکەوتوور و ژینگەکەی کاریگەریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە."