ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: سەدان خێزانی سودانی ئاوارە بوون لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کەمپێکی ئاوارەکان
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاوارەبوونی سەدان خێزانی سودانی و ڕوودانی قوربانیانی مەدەنی لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کامپێکی ئاوارە ناوخۆییەکان لە باکووری دارفور، ئاشکرا کرد.

ناوەندی هەواڵ- ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دوێنێ ٧ی نیسان، ڕایگەیاند کە ٥٣٠ خێزان لە دوو گوند ئاوارە بوون،٣ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر کەمپی ئەبو شوک بۆ ئاوارەکان لە پارێزگای باکووری دارفور لە ڕۆژئاوای سودان.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ، ٥٣٠ خێزان لە گوندەکانی 'ئەبو حمیرە' و 'ربک' لە ناوچەی 'ئوم کەدەدا' لە باکووری دارفور ئاوارە بوون، ئەمەش بەهۆی خراپتربوونی نا ئارامی لە ماوەی ١تا ٦ ی نیسان، دانیشتووانەکە ئاوارە بوون بۆ شوێنەکانی تری هەمان ناوچە، دۆخەکە هێشتا گرژی و پێشبینی نەکراوە.
لە بەرامبەردا، ژووری فریاکەوتنی کەمپی 'ئەبو شوق' (کۆمیتەی جەماوەری) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەیانی دووشەممە بە تۆپباران کەمپەکەیان تۆپباران کرد لە ئەنجامدا سێ بریندار بوون کە دووانیان منداڵن."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ڕێکخەری گشتی کەمپی ئاوارەکان و پەنابەران لە دارفور دڵنیایی لەوە کردەوە کە دۆخی مرۆیی لە دارفور بەتایبەتی لە شاری فاشر و کەمپەکانی ئاوارەکان بەرەو خراپییەکی بێ وێنە دەڕوات، ژیانی ڕۆژانە بەتەواوی ڕاگیراوە و بازاڕەکان بەتاڵن لە خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان بەتەواوی ڕاگیراون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێی، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ ەوە، سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کەوتوونەتە شەڕێکەوە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار کوژراو، نزیکەی ١٥ ملیۆن ئاوارەی لێکەوتووەتەوە.