''کۆچبەری هەموو جۆرە توندوتیژییەکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە''
ژنانی کۆچبەرلە کامپی واشۆکانی لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاستیان کردەوە، کە کۆچکردن یەکێکی ترە لە شێوازەکانی توندوتیژیی دەوڵەت پیاوسالاری، هەروەها ئەم توندوتیژییە دەرگا بەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکاتەوە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- کۆچبەری بە وردەکارییە ترسناک و سەخت و ئازاربەخشەکانییەوە، ڕووداوێکی پێویستە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان لە پێناو پاراستنی ژیان، لە ناوەڕاستی ئاوارەبووندا بازنەی توندوتیژی فراوانتر دەبێت و ژنان بە گشتی و بەتایبەت ئەوانەی لە خوێندن بێبەشن، ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەتردەبنەوە، هەروەها ئەو ژنانەی کە بەهۆی هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ناچاربوون هەڵبێن، لە کامپەکاندا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، هەروەها ڕووبەڕووی توندوتیژی ئابووری دەبنەوە.
خێزانە کۆچبەرەکانی سەرێکانی و واشۆکانی لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، لەو کاتەوەی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و داگیریان کرد.
کەمپی واشۆکانی نزیکەی دوو هەزار و ٢٦٠ خێزانی تێدایە و سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان و کەمی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی هاوکاری بۆ ئاوارەکان، هێشتا بەرخۆدانی ژنان بەردەوامە.
''سەدەیەک بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە''
سەباح بەکر، کارگێڕی کۆنگرە ستار لە کەمپی واشۆکانی جەختی لەوە کردەوە، کە زۆرجار ژنان تووشی توندوتیژی دەبن و تەنانەت ئەمڕۆش لە کۆمەڵگەدا ژنان بەناوی شەرەفەوە دەکوژرێن، ئەمەش کەموکوڕییەک لە عەقڵیەتی سەپێنراو بەسەر کۆمەڵگەدا نیشان دەدات، هەروەها ''ئێمە ئەم سەدەیە، سەدەی ڕزگاری ژنان، وەک سەدەیەک بۆ گۆڕینی ئەو عەقڵیەتە دەبینین کە کۆمەڵگە دەکوژێت و ژنان دەچەوسێنێتەوە''.
وتیشی: لە کۆمەڵگەی سروشتیدا یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبووە، بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە، هەڵاواردن دەستی بە دەرکەوتن کردووە، ئێمەش کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانمان و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و دوور لە توندوتیژی، هەروەها بەهۆی تەماح و شەڕەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ماڵەکانیان دەرکراون و لە چادردا دەژین و بەدەست هەموو شتێکەوە دەناڵێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا توندوتیژییە، چونکە ئاوارەبوون لەناو خۆیدا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی هەڵدەگرێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی و داڕمانی کۆمەڵگە.
ڕوونیشیکردەوە، توندوتیژی لە ناوچە ناوخۆییەکانی وەک سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا، هەروەها لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا زیاد دەکات، بۆیە ''پێویستە لەسەر ئاستێکی فراوانتر یەکبگرین و بە بیرۆکە ئازادەکانمان بگەینە هەموو ژنان، چونکە ژنان بەرگەی سەختی دەگرن و ئێستا دەبینین ژنان چۆن کۆمەڵگەکانیان لە بەرەکانی پێشەوە دەپارێزن''.
''توندوتیژی سەرچاوەی عەقڵیەتی پاوانخوازانەیە''
جەواهر یاسین ئیسو، یەکێک لە کۆچبەرەکانی کەمپی واشۆکانی، ڕوونیکردەوە، کۆچکردنی زۆرەملێی دانیشتوان لە ماڵ و حاڵی خۆیان و بوونیان لە کامپەکاندا بەبێ هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان توندوتیژییە لە دژی مرۆڤایەتی، هەرەوها بەساڵاچووان و منداڵان و ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە، تەنها بوونیان لە کەمپەکەدا خۆی لە خۆیدا توندوتیژییە، هەروەها ''داواکاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار دەکەین بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر کۆچبەرەکان بوەستێت و بتوانین بە کەرامەتەوە لە ماڵەکانماندا بژین، دەزانین توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە، چونکە سەرچاوەکەی عەقڵیەتی پاوانخوازانەیە، بەڵام کۆچبەری دەرگا بەڕووی توندبوونەوەی هەموو جۆرەکانیدا دەکاتەوە''.
''ژنانی ناو کەمپەکە بەرخۆدان نیشان دەدەن''
زەکیە خدیر، کۆچبەر، دووپاتی کردەوە، کە ژنانی کامپەکە ڕووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەبنەوە، چونکە بەرەنگاری سەختییەکان دەبنەوە و هەوڵدەدەن ڕێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بدۆزنەوە، هەروەها ''ژنانی ناو کەمپەکە لە ماڵەکانیان بێبەشن دەکرێن لە ناو چادرە دڕاوەکاندا ڕووبەڕووی سەرما و بارانبارینی زستانە دەبنەوە''.
داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی کرا، هاوکاریی کۆچبەرەکان بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ''کۆچکردن خۆی توندوتیژییە، سەرەڕای هەموو شتێک، سەختییەکانی ژیان و نەبوونی پشتیوانی ڕێکخراوەکان، ژنانی کامپەکە بەرەنگاری هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە کەرامەت و ئازادییەوە بژین''.