کۆچبەرانی عەفرین: ئێمە هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و سوورین لە بەردەوامی

ئەمەل قەهرەمان، کە یەکێکە لە ئاوارەکانی عەفرین، ئاماژەی بەوەدا ئەو تاوانانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەرامبەر بە خەڵکی عەفرین ئەنجامی داوە، لەسەر دەستی خیانەتکارانی مێژووە و وتی: ئێمە هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژارد، بەسە، لە خەو هەڵسنەوە. ئەگەر یەکگرتوو نەبین

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-  هاوکاری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە مێژووەوە وەک خیانەتێک لە گەلی کورد دادەنرێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کۆچبەرانی عەفرینەوە دەستکەوتوون، دامەزراوەی دەزگای پەدەکە لە عەفرین فەرمییە و دەیان کەس کە لە شەهبا گیریان خواردبوو، گەڕێنراونەتەوە عەفرین و ڕادەستی چەتەکان کراون، کۆچبەرێک بە ناوی ئەمەل قەهرەمان دۆخی کۆچبەرانی بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند.

 

"ئامانج و هیوامان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین"

ئەمەل قەهرەمان ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە بەرامبەر پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا بەرخۆدانیان کردووەو تا ئێستا بەرخۆدان بەردەوامە وتی: وەک دایکانی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە بەرامبەر پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا بەرخۆدانمان کرد، بەڵام لە ئەنجامدا ناچار بووین بڕۆین و لە شەهبا خۆمان ڕێکخست، ئێمە بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە ژێر سەختترین و قورسترین بارودۆخدا، هەروەها لە گەمارۆکاندا ژیاین و ڕزگارمان بوو، ئامانج و هیوامان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.

 

"خۆبەڕێوەبەری لە کۆمەڵکوژییەکان ڕزگاری کردین"

ئەمەل قەهرەمان وتیشی: خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەوەی خەڵکی شەهبا و کۆچبەرانی عەفرین ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکان نەبنەوە بڕیاریدا شەهبا بەجێبهێڵێت، بەڵام هەموو خەڵکەکە نەیانتوانی بڕۆن، خەڵک لەلایەن ئەنەکەسەوە فریودران، بەدەیان کەس بەناچاری گەڕێندرانەوە عەفرین و ڕادەستی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرانەوە، ئەمڕۆ برا لەلایەن براوە ڕووبەڕووی کوشتن، دەستدرێژی و توندوتیژی دەبێتەوە، ئەمە شەرمەزارییەکی مێژووییە، ئێستاش ئەنەکەسە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کۆچبەرانی عەفرین دەکات و هەوڵ دەدات بیانهێنێتەوە بۆ عەفرین بۆ ئەوەی ڕادەستی چەتەکانیان بەکەن.

 

"دەستی خۆتان لە دەستی دوژمن دەرخەن، کاتی یەکڕیزییە"

ئەمەل قەهرەمان داوای یەکڕیزی کوردانی کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئەم تاوانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خەڵکی عەفرین ئەنجامی داوە، تاوانی ئەنەکەسەیە، چونکە دەستی خستە دەستی دوژمن و پلانی کوشتنی برا کوردەکەی قبوڵ کرد، دونیا سەرسامە بە ئێمە، ئێمەش وەک کورد بەخۆمان سەرسامین، بەسە، پێویستە دەستی یەکبگرین و پلانەکانی جینۆساید ڕابگرین، قسەیەکی جگەرخوێن هەیە، دەڵێت ''ئەگەر نەبینە یەک، یەک بە یەک دەڕۆین''. کاتی یەکڕیزییە، گەلی کورد لە خەو هەڵسن، بەسە با برا  ئیدی بە دەستی برا نەکوژرێت، ئەمڕۆ دوژمنە توندوتیژەکان لە دژی کورد یەکگرتوون، ئەمڕۆ بە یەکڕیزیمان دەتوانین خۆمان لە پلانەکانی جینۆساید بپارێزین.