کارەساتی نەوت لە هورموزگان: هۆشداری نوێی پسپۆڕان لەسەر قەیرانی ژینگەیی

پسپۆڕان و چالاکوانانی ژینگە، وێنە و دیمەنی پیسبوونی نەوتیان لە دوورگەکانی هورموزگان و کەناراوەکانی کەنداوی بەسرا بڵاوکردەوە. ئەم ڕووداوە کە هەڕەشە لە زیندەوەرانی دەریایی و ئیکۆسیستەمی ناوچەکە دەکات، لاوازیی بەڕێوەبردنی ژینگەیی ئێران نیشان دەدات.

ناوەندی هەواڵ – توێژەری ژینگە، عەزەم بەهرامی، بە بڵاوکردنەوەی دیمەن و وێنەی کەناراوە پیسبووەکانی کەنداوی بەسرا، سەبارەت بە ئاستی ئەم قەیرانە ژینگەییە هۆشداری دا. لەو دیمەنە بڵاوکراوانەدا دەبینرێت کە چینێکی ئەستوور لە نەوتی ڕەش ڕووی خاک، بەرد و کەناراوەکەی گرتووە و بەشێکی گەورە لە ژینگەی کەناراوەکەی پیس کردووە. لە دیمەنە نوێیە بڵاوکراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی ڕژانی نەوتەکەوە، بە هەزاران قرژاڵ، شەمامۆکە،کیسەڵ و زیندەوەری تری دەریایی، لەسەر کەناراوەکە مردار بوونەتەوە و بۆنێکی ناخۆشی پیسبوون لە تەواوی ناوچەکەوە دێت.

 

بارودۆخی دوورگەکە لە ئاستێکی مەترسیداردایە

لە هەمان کاتدا، توێژەرێکی تر لە دیمەنێکدا کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاوی کردووەتەوە، بارودۆخی دوورگەی مارو (شیدوەر)ی بە "بەئازار و لە ئاستی کارەساتدا" وەسف کردووە. ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕژانی نەوتەکە دوای زیانگەیشتن بە دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی لاوان بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم قەیرانە ژینگەییە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پیسبوونی نەوتەکە نەک تەنها کاریگەری لەسەر کەناراوەکان داناوە، بەڵکو بەشێک لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەکەشی گرتووەتەوە و بەردەوامیی ئەم دۆخەش لەوانەیە زیانی قەرەبوونەکەرەوە بە جۆرە بایۆلۆژییەکانی کەنداوی بەسرا بگەیەنێت.

پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن

دوورگەکانی لاوان، شیدوەر و دوورگەکانی تری باشووری ئێران، لەنێو گرنگترین ناوچە دەریاییەکانی ژیان لە کەنداوی بەسرادا پۆلێن دەکرێن. ئەم ناوچەیە میوانداریی زیندەوەرە دەریاییە دەگمەنەکان، باڵندە کۆچبەرییەکان، کیسەڵە دەریاییەکان و ڕەفە مەرجانییەکان (کۆراڵ) دەکات. پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە پیسبوونی نەوت لەم ئاستەدا دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ سووڕی سروشتی و بایۆلۆژیی ناوچەکە تێکبدات. نەوتی خاو ڕووی ئاو و خاکەکە دەگرێت و ڕێگری لە گۆڕینەوەی ئۆکسجین دەکات، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە جۆرە دەریاییەکان لەناو دەبات و ئەم زیانەش لە زۆر کاتدا دەگاتە ئاستی قەرەبوونەکەرەوە.

چالاکوانانی ژینگە بە توندی ڕەخنە لە "بێدەنگیی دامەزراوە بەرپرسیارەکان" و نەبوونی ڕوونی لەسەر ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە دەگرن. بەگوتەی ئەوان، هەرچەندە دیمەنە بڵاوکراوەکان بڵاوبوونەوەی پیسبوونی و مردنی بەکۆمەڵی زیندەوەرانی ئاوی نیشان دەدەن، بەڵام بەرپرسانی ئێران تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە، ئاستی زیانە ژینگەییەکان و پلانی کۆنترۆڵکردنی پیسبوونەکە نەداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، لە ڕووداوی هاوشێوەدا باری نائاسایی ڕادەگەیەنرێت، تیمە پسپۆڕەکان بە خێرایی ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن و بە شێوەیەکی شەفاف کۆمەڵگە ئاگادار دەکرێتەوە.

ئەم پیسبوونانە بێ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە فەرامۆش کراون

ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە ستراتیژیی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی نەوتی ئێران، بۆ ماوەی چەندین دەیەیە گەشەپێدانی پیشەسازییەکانی نەوت، ئەمنی و سەربازیی خستووەتە پێش پاراستنی ژینگەوە. ڕزینی بۆرییەکانی نەوت، نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ، لاوازیی ژێرخانی ئەمنی و گەندەڵیی بەربڵاو لە پڕۆژە پیشەسازییەکاندا، لەنێو ئەو هۆکارانەدان کە هەمیشە لە باشووری ئێراندا بوونەتە هۆی ڕووداوی لەم شێوەیە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە حکومەت نەک تەنها لە ڕێگریکردن لەم قەیرانانەدا شکستی هێناوە، بەڵکو بە ئەمنیکردنی چالاکییە مەدەنییەکان و سنووردارکردنی میدیای سەربەخۆ، ڕێگری لە ڕۆیشتنی ئازادانەی زانیاری و لێپرسینەوە لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان کردووە.

 

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین ڕووداوی ڕژانی نەوت و پیسبوونی پیشەسازی لە ئاوەکانی کەنداوی بەسرادا، بەتایبەتی لە دەوروبەری دوورگە دەوڵەمەندەکانی نەوتی ئێراندا تۆمار کراون. بەڵام بەشێکی زۆری ئەم ڕووداوانە بێ لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و لێپرسینەوە لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان فەرامۆش کران. بەپێی ڕای پسپۆڕان، ئەم دۆخە نیشاندەری قەیرانی قووڵە لە بەڕێوەبردنی ژینگەیی ئێران و پشتگوێخستنی پێکهاتەیی سەرچاوە سروشتییەکان و ئیکۆسیستەمە هەستیارەکانە.