کارەساتی مرۆیی لە باشووری کۆردۆفان هەڕەشە لە سەدان منداڵ و ژن دەکات
تۆڕی پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، بارودۆخی نالەباری مرۆیی لە کامپێکی شاری کادوگلی مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر لە ٢٤٠ منداڵ و ٣٨١ ژن هەیە.
سودان
تۆڕی پزیشکانی سودان، ٢٩ی کانووی دووەم، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەوەی دۆخی مرۆیی کامپی ئەل ئوستاد لە ناوچەی کادوگلی لە ویلایەتی کۆردۆفانی باشوور لە ڕۆژئاوای سودان بەرەو خراپتر دەڕوات، هەروەها ڕاگەیەندرا کە سەدان خێزان ڕووبەڕووی کەمی تەندروستی و خۆراکی توند بوونەتەوە، نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش لە زیادبووندایە و پێداویستییە سەرەتاییەکان کەمییان هەیە.
تۆڕی پزیشکانی سودان ڕایگەیاندووە، کە نزیکەی ٣٣٠ خێزان لە کامپەکەدا هەن کە ٢٤٣ منداڵ و ٣٨١ ژن و ١٠٤ ژنی دووگیانن، هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرترین زیانلێکەوتوو ژنان و منداڵانن.
تۆڕی پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، کەمی خۆراک و چاودێری تەندروستی لە کامپی ئەل ئوستاد لە کادوگلی هەیە، هەروەها ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دۆخەکەی خراپتر کردووە، تۆڕەکە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان کردووە بەپەلە دەستوەردان بکەن، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو پەنابەرانەی پێشتر لە خوێندنگەکاندا دەژیان، دوای بۆردومانەکە گواستراونەتەوە بۆ کامپی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ''IOM''.
لە کادوگلی خزمەتگوزاری خۆراک و تەندروستی بووەتە کێشەیەکی جددی و گەمارۆدان و کەمیی کاڵاکان نرخی هەموو شتێک بەرز دەکاتەوە و منداڵ و ژنانی دووگیان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی ئاوارە بوون.