جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی لە گردیی مامەیارە پیرۆزکرا
بە دروشمی "ئاگری نەورۆز ڕووناک کەرەوەی ڕێگەی بیری نوێی ساڵی کوردییە"، جەژنی نەورۆز بەچەندین چالاکی هونەری و فۆلکلۆری پیرۆز کراو ئاگری نەورۆز لە گردی مامەیارەی شاری سلێمانی کرایەوە.

سلێمانی
پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە گردی مامەیارە، لە شآری سلێمانی، لە لایەن کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی، بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی فۆلکلۆری کوردی، وتنی گۆڕانی نەتەوەیی و پیشاندانی کەسایەتییە دیارەکانی وەک حەپسەخانی نەقیب و کاوەی ئاسنگەر و چەندین کەسایەتی دیاری کورد، پاشان کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر گردی مامەیارە، بە دروشمی "ئاگری نەورۆز ڕووناک کەرەوەی ڕێگەی بیری نوێی ساڵی کوردییە "، ئاگری نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی کرایەوە.
محەمەد مەردان، وتاری سەرۆکی کۆمەڵەئ کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی خوێندەوەو وتی: ئاگری نەورۆز ڕوناک کەرەوەی ڕێگەی بیری نوێی ساڵی کوردییە، یادکردنەوەی نەورۆز بەبێ کردنەوەی ئاگری نەورۆز نابێت.
" ئەمساڵ لەگەڵ پرسی ئاشتیدا یادیی نەورۆز مەزنتر دەبێت"
نزار عەلی محەمەد باسی لە گرنگی یادکردنەوە و ئاشناکردنی جەژنی نەورۆزی کوردی کردو وتی: یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز ئەرکێکی نەتەوایەتییە، ئێمە وەک کورد هەموو ساڵێک سەردانی ئەو جێگایانە دەکەین کە ئاگری نەورۆزی تێدا دەکرێتەوە، چەندین میوانمی خۆمانمان هێناوە تا ئاشنایان بکەین بەم یاددە کوردەوارییەی نەتەوەی کورد، هەموو نەتەوەیەک جەژنێکی تایبەتی هەیە، ئێمەی کورد لە تەواوی جیهاندا بە جەژنی نەورۆز دەناسرێین، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان ساڵانە یادیی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە، گەلی کورد و ژنان بە جلوبەرگی ئاڵو واڵاوە سەردانی چیاکانی کوردستان و شوێنی ئاهەنگەکە دەکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازترە لە ساڵەکانی دیکە، هەبوونی پرسی ئاشتی لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی مەزنی هەبووە، ئێمەی کورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا هاوسێین، هەمووکات کورد حەزی بە ئاشتی هەبووە، ئێمەی ژنان هەبوونی ئاشتیمان دەوێت تا بتوانین بە ئاشتەوای لە خاکی خۆماندا بژین، دەمانەوێت پرسی ئاشتی ببێتە ئاشتەواییەک بۆ هەر تاکێکی کورد.