جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو یادی ۳۳ساڵەی تاوانی ئەنفال لە گەرمیان کرایەوە

بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، ڕێگانەدرا یادکردنەوەی ۳۳ ساڵەی کارەساتی ئەنفال هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بکرێتەوە و بۆ ئەمساڵ تەنها تاجە گوڵینە دانرا، گرژیش لە مەراسیمەکەدا دروستبوو.

بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، ڕێگانەدرا یادکردنەوەی ۳۳ ساڵەی کارەساتی ئەنفال هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بکرێتەوە و بۆ ئەمساڵ تەنها تاجە گوڵینە دانرا، گرژیش لە مەراسیمەکەدا دروستبوو.

گەرمیان

 

بەیانی ئەمڕۆ، لە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنەی سەر بەشارەدێی ڕزگاری لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، یادی ١٤ی نیسان ساڵڕۆژی تاوانی ئەنفال کرایەوە.

بە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بە ناوی "وێنەکان دەدوێن" کە لەلایەن ڕێکخراوی چواردەی چوارەوە ئامادەکرابوو، مەراسیمی ٣٣ ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەستی پێکرد.

 

دواتر هەریەک لە بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست، ژنانی پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق، مەڵبەندی گەرمیانی یەنەکە، پەدەکە و حزبی شیوعی کوردستان، تەڤگەری ئازادی و چەند ڕیکخراو و کەسایەتیەک تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری شەهیدانی ئەنفال دانا.

 

لە درێژەی مەراسیمەکە، ڕۆژنامەنووسێکی بریتانی بەناوی ستیف وتەیەکی پێشکەشکرد و تێدا ڕەخنەی توندی لە مارگرێت"ی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرت کە بێدەنگیان نواندوە لە ئاست زیندە بەچاڵکردنی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کوردی بێتاوان، کە تەنها تاوانیان کورد بوون بووە، لەهەمان کاتدا ئەو بێدەنگیەی ئێستای بریتانیا و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لە ئاست ئەو جینۆسایدە نوێیەی کە بەرامبەر بەگەلی کورد دەکرێت لەلایەن ئەردۆغانەوە.

 

لەکۆتایدا، عەلی دەروێش لەسەرناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: داواکارین هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان پابەندی یاسا بن و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لەسەر جینۆسایدی گەلەکەمان جێبەجێبکەن.

 

ت.پ