جیاکاری و ڕەگەزپەرستی دژ بە منداڵان پەرەدەسێنێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی یونیسێف، منداڵان لە ڕووی مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانیان ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕاپۆرتێکی نوێی لە پێش ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵان کە ٢٠ی تشرینی دووەمە بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر نەتەوەکان دەکاتەوە، بەتایبەتی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، بڵاوبونەوەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لە دژی منداڵان لەسەر بنەمای زمان و ئایینەکەیان ئاشکرا دەکات.

 

ڕاپۆرتەکە شیکاری ٢٢ وڵات دەگرێتەوەو بە ناونیشانی 'کاریگەری جیاوازی لەسەر منداڵان" نیشانی دەدات کە تاچەند ڕەگەزپەرەستی و جیاکاری کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە لە بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، تۆماری لەدایکبوون و گەیشتنی دادپەروەرانە و یەکسان بە سیستەمی دادوەری، هەروەها تیشک دەخاتە سەر نایەکسانییە بەربڵاوەکانی نێوان کەمینە و گرووپە ڕەگەزییەکان.

ڕێژەی تۆمارکردنی لەدایکبوون

ڕاپۆرتەکە هەروەها زانیاریەکان شی دەکاتەوە لەسەر ڕێژەی تۆمارکردنی لەدایکبوون، بەو پێیە جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان منداڵەکان لە گرووپە جیاوازەکانی ئایینی و ئیتنیکی، بۆ نمونە، لە کۆماری دیموکراتیی گەلی لاوس، لە سەدا ٥٩ی منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ لە گرووپی ڕەگەزی مۆن-خمر تۆماری لەدایک بوونیان هەیە، بە بەراورد بە ڕێژەی لە سەدا ٨٠ لە گروپی ڕەگەزی لاو تایلەندی.

 

هەژاری قوڵتردەبێتەوە

جیاکاری و دوورخستنەوەو هەژاریی نێوان ڕەگەزەکان، ئەنجامەکان لە بواری تەندروستی و خۆراک و دەرەنجامەکانی فێربوون بۆ منداڵان زیاتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دووگیانی لە ژنانی گەنجداو دەبێتە هۆی کەمتر بوونی ڕێژەی دامەزراندن و داهات لە تەمەنی هەرزەکاریدا.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و جەنگ

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێکان بەردەوامن لە ئاشکراکردنی نایەکسانی لە زۆربەی وڵاتاندا، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن جیاکاری و دوورخستنەوە لە مێژە بۆ ملیۆنان منداڵ لە گرووپە ڕەگەزی و کەمینەکان بەردەوامە.

 

"دەبێت مافی هەموو منداڵێک بپارێزین"

کاترین ڕوسێل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف وتی: "ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لە کۆمەڵگاکان منداڵان دەخاتە بەردەم مەترسی هەتاهەتایی بێبەشکردن و دوورخستنەوە، ئەم دۆخە هەموومان خەمبار دەکات دەبێت مافی هەموو منداڵێک بپارێزین، گرنگ نییە ئەوان لە کوێوە هاتوون، چونکە ئەمە دڵنیاترین ڕێگایە بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئارامتر و سەرفرازتر و دادپەروەرانە بۆ هەمووان.