جیابوونەوەی هاوژینان کۆمەڵگە بەرەو لەناوبردن دەبات

لە عێراق بەرزبوونەوەی ڕێژەی حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان لە ئەمساڵدا، تەنها داتا نین، بەڵکوو هاوارێکی بێدەنگن لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و منداڵانی پەرشوبڵاو و ژنانی جیابووەوە لە کۆمەڵگادا کە هێشتا چاوەڕێی چاکسازییەکی زۆرە.

ناوەندى هەواڵ

 

لە عێراق بەرزبوونەوەی ڕێژەی حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان لە ئەمساڵدا، تەنها داتا نین، بەڵکوو هاوارێکی بێدەنگن لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و منداڵانی پەرشوبڵاو و ژنانی جیابووەوە لە کۆمەڵگادا کە هێشتا چاوەڕێی چاکسازییەکی زۆرە.

 

جیابوونەوەوی هاوژینان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە زنجیرەیەکی کاریگەری درێژخایەن لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و کاریگەری لەسەر خێزان، کۆمەڵگە و ئابووری درووست دەکات، ژنان و منداڵان قورسایەکەی لە ئەستۆ دەگرن.

 

''ئامارى ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥''

داتاکانی جیابوونەوە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان نیشان دەدات، کە هاوسەرگیری لە دامەزراوەیەکی ژیانی هاوبەشەوە دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی کاتى کە کاریگەرى نەرێنێ هەیە.

 

هەروەها حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەپێی مانگەکان بەمشێوەیە بووە؛ مانگی کانوونی دووەم شەش هەزار و ٤٤٨ حاڵەتی جیابوونەوە، مانگی شووبات شەش هەزار و ٣٩٢ حاڵەت، مانگی ئادار چوار هەزار و ٩٧٤ حاڵەت، مانگی نیسان پێنج هەزار و ٧٧٥ حاڵەت، مانگی ئایار شەش هەزار و ١٥ حاڵەت، مانگی حوزەیران پێنج هەزار و ٢٨حاڵەت، مانگی تەمموز شەش هەزار و ٩١٠ حاڵەت ، مانگی ئاب شەش هەزار و ٢١٤ حاڵەت ،  لە مانگی ئەیلولدا شەش هەزار و ٧١٩ حاڵەت، لە مانگی تشرینی یەکەمدا حەوت هەزار و ٤٧٠ حاڵەت، هەروەها بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوە لە بەغداد و مووسڵ تۆمار کراوە.

 

هەروەها بە پێی داتاکان دەردەکەوێت بە تێکڕا نزیکەی ٢٣٣ حاڵەتی جیابوونەوە لە ڕۆژێکدا ڕوودەدات و هاوکات بە وتەی شارەزایان ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچە گوندنشینەکان زۆرجار پەنا دەبەنە بەر جیابوونەوەی خێڵەکی یان کۆمەڵایەتی بەبێ ئەوەی بە دادگاکاندا تێپەڕن.

 

''جیابوونەوەی ساختە''

لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەی “جیابوونەوەی ساختە” سەریهەڵداوە، کە هەندێک لە هاوژینەكان بۆ بەدەستهێنانی پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی بە شێوەی فەرمی پەنا دەبەنە بەر تۆمارکردنی جیابوونەوە و زیاتر لە ١٠٩ هەزار ژنی سەرپەرشتیاری خێزان و ٢٤٤ هەزار جیابوەوە هاوکاری کۆمەڵایەتیی وەردەگرن، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئایینی ئەمجۆرە جیابوونەوەیە بە ناشەرعی ناساندووە، کە دەکەوێتە ژێر خانەی دەستکاریکردنی یاسا و ساختەکاری.

 

ئەم دیاردەیە نەک هەر ئاماری جیابوونەوە بەرەو هەڵکشان دەبات، بەڵکو متمانەی نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەتیشی لەناوبردووە و کاریگەری لەسەر گرووپەکانی دیکەى کۆمەڵگە دروستکردووە.

 

''کاریگەری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق''

لە کاتی بەراوردکردنی پێش و دوای یاساکە ئەوە ڕوون دەبێتەوە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە تەنها یاسا نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووریی، یاساکە ڕێژەی جیابوونەوەی زیاد نەکردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لە کەمکردنەوەی، هەروەها گەرەنتی پێویستی بۆ ژنان دابین نەکردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە جیابوونەوەی تاکلایەنە و مافی سەرپەرشتیکردن.

 

نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە، هەمووارکردنەکان دەرگای بڕیارە تاکەکەسییەکانیان کردووەتەوە کە ڕەنگە زیاتر ئاسانکاری بۆ جیابوونەوە بکەن.

 

ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە و فشارەکانی ژیان

شارەزایان جەخت لەسەر ئەو هۆکارە زۆرانە دەکەنەوە، کە هاوژینەکان هان دەدەن بڕیاری جیابوونەوە بدەن،  ئەم دیاردەیە دەتوانرێت وەک دەرئەنجامێکی سرووشتی ژینگەیەکی مەترسی سەیر بکرێت، کە لە هەژاری، گۆڕانی ڕەفتار، تەکنەلۆژیا، دابەزینی هۆشیاری خێزان و ئاستەنگە ئابوورییەکان سەرچاوە دەگرێت، ئەوەش سەقامگیری ناو خێزان تێکدەدات و بێکاری و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار ململانێ درووست دەکەن.

 

هاوسەرگیری پێشوەختە هێشتا باوە، زۆرێک لە هاوسەرە گەنجەکان بەبێ پێگەیشتنێکی تەواو دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو شتێک لە یەکەم بەریەککەوتنی ڕاستەقینەدا لەگەڵ بەرپرسیارێتیەکانی هاوسەرگیریدا بڕوخێت.

تەکنەلۆژیا لە تێکچوونی پەیوەندییە خێزانیەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرگایەکی فراوان بۆ ئیرەیی، گومان، ناپاکی ئۆنلاین و داڕمانی متمانە دەکاتەوە، بەڵام جددیترین هۆکارەکان پەیوەستن بە دیاردەکانی ناپاکی هاوسەرگیری، ئالوودەبوون و توندوتیژی خێزانی.

 

''پەراوێزخستنی یاسا و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییە توندەکان''

لە یاسای هەمووارکردنەوەی باری کەسیی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕێگە بە پیاو دەدات ژیانی هاوسەرگیرییەکەی بگۆڕێت بۆ “یاسای شەرعی جەعفەری” نوێ بەبێ ڕەزامەندی ژنەکە، بەمەش مافی جیابوونەوەی تاکلایەنەی هاوسەرەکەی پێدەدرێت، هەروەها پیاو سەرپەرشتیکردن و میرات بەڕێوەدەبات، ئەمەش مشتومڕ سەبارەت بە مافەکانی ژنان و منداڵان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

قەیرانی جیابوونەوە لە عێراق دەکرێت وەک ئاوێنەیەک سەیر بکرێت، ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەیە کە لەناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، یاساکە چەندە بەهێز بێت، بەڵام ناتوانێت ڕێگری لە جیابوونەوە بگرێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە لەگەڵ ئاڵنگارییە ئابووریی، کلتوورێکی خێزانی ناسەقامگیر و ڕەفتارە دیجیتاڵییە نوێیەکان کە بە نەوەی پێشوو نامۆیە، ئەمە جگە لە دابەزینی ڕۆڵی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان لە پاراستنی خێزانەکەدا.

 

''پێویستی دیدگای نیشتیمانی بۆ ڕزگارکردنی خێزانی عێراقی''

کێشەى حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان لە عێراقدا، پێش ئەوەی کێشەیەکى یاسایی بێت، کێشەیەکى کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە دیدگایەکی نەتەوەیی هەمەلایەنە هەیە، کە لە چارەسەرە ڕووکەشەکان تێپەڕێت، پاراستنی خێزان بەتەنها لەڕێگەی دەقە یاساییەکانەوە بەدی نایەت، بەڵکو لەڕێگەی بنیاتنانی ژینگەیەکی سەقامگیری ئابووری و بەهێزکردنی هۆشیاری خێزان و پەرەپێدانی سیستەمی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ژنان لەڕووی ئابووری و یاساییەوە و مۆدێرنکردنی وتاری ئایینی و کۆمەڵایەتی دەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە هاوچەرخەکاندا بگونجێت.