لە پێنجوێن دژی گرانی نرخی نەوت گردبوونەوە کرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ نەوت بەسەر شارۆچکەی پێنجوێندا بۆ هەر بەرمیلێک بە نرخی ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینار دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەکەی گردبوونەوە کراو هاوڵاتیان ئامادە نەبوون وەری بگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، نەوتی سپی بەپێی پسوڵەی خۆراک بەسەر ماڵاندا دابەشدەکەن و بۆ هەر بەرمیلێک نرخەکەی ١٠٠ هەزار دینار دەبێت، دواتر بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە شارۆچکەی پێنجوێنەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتەکە دەکرێت و بۆ هەر بەرمیلێک ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینار لە ماڵان وەردەگیرێت.

 

ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی لێکەوتەوە بەهۆی ئەوەی نرخەکەی کراوەتە دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو، کە ساڵی ڕابردوو بە ٥٠ هەزار دینار نەوت دەدرایە هاوڵاتیان.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق بە ٣٠ هەزار دینار نەوت دەنێرێتە هەرێم و لە هەرێم نرخەکەی زیاد دەکرێت، ساڵی رابردووش حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە ٣٠ هەزار دینار نەوت بنێرێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و هەر بەو نرخەش بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت، بەڵام نرخەکەی زیادکرا بۆ ٥٠ هەزار.

 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما هاوڵاتیان پێویستیان بەوەیە کە پاڵپشتی بکرێن بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، بەڵام حکومەتی هەرێم بێگوێدانە ژیانی هاوڵاتیان بە ماوەی چەند ساڵێک بەرمیلێک نەوت بە نرخێکی گران دابەش دەکات، ئەوەش ژیانی سەخت کردووەو هاوڵاتیان لە وەرزی سەرمادا لە بارودۆخێکی بەخوازراودان.