ئیسرائیل لە لوبنانیش بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی

ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا دەوروبەری نەخۆشخانەی حکومیی حەریری لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا، کە منداڵێکیان تیادایە و ٥٧ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆری بە نەخۆشخانەکە گەیاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٣ی ئەیلوولدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حزبوڵا و ئیسرائیل ڕوویدا و لە ئەنجامدا دوو هەزار و ٤٦٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١ هەزار و ٥٣٠ کەسیش برینداربوون، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن بوون.

 

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئەمڕۆ، ڕوونی کردەوە، بەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری نەخۆشخانەی حەریری لە بەیروت ئەنجامیدا، ١٣کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیان منداڵێکە،  ٥٧ کەسی دیکەش بریندارن، ئەمەش دوای ئەوەی بەیروت شەوی ڕابردوو شەوێکی توندوتیژی بەخۆیەوە بینی. وەک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ناوچەی ئەلئەوزەی لە گەڕەکی باشووری بەیروت و دەوروبەری نەخۆشخانەی حکومی ڕەفیق حەریری کردە ئامانج.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆردوومانەکەی هێزەکانی ئیسرائیل زیانی بەرچاوی بە نەخۆشخانەی سەرەکی گشتیی بەیروت گەیاندووە.

 

لە چوارچێوەی پەیوەندیداردا، ئاژانسی هەواڵی نەتەوەیی بڵاویکردەوە، هەڵکوتانی ئیسرائیل ماڵێکیان لە گەڕەکی باشووری شارۆچکەکە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسانی تریش برینداربوون، بەردەوامی هێرشەکانیش لە ناوچەی کفر جۆز لە نەباتیە، ٣ بینای نیشتەجێبوون و گۆڕەپانێکی نیشتەجێبوونی کردە  ئامانج و زیانی زۆری ماددی داوە.