بەدواداچوون بۆ زۆربوونی نەخۆشیەكانی سكچوون و كۆلێرا لە سلێمانی دەكرێت
تیمێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە شاری سلێمانی و لێکۆڵینەوە لە زۆربوونی نەخۆشییەكانی سكچوون و كۆلێرا دەکات.
ناوەندی هەواڵ
حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە لەناو هاوڵاتیانی سنووری سلێمانی و گەرمیان زیادیكردووە، زۆربەشیان گومانی ئەوەیان لێدەكرێت كە تووشی كۆلێرا بووبن.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەكردووە، لەسەر بڕیاری وەزیری تەندروستی تیمی وەزارەت گەیشتووەتە شاری سلێمانی، بۆ بەدواداچوونی زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەكانی نەخۆشییەكانی سكچوون.
هەروەها تەندروستی سلێمانی هەڵمەتێكی بۆ هۆشیاركردنەوە و خۆپاراستنی هاوڵاتیان دەستپێكردووە، هاوكات چەند رێنماییەكیان بڵاوكردووەتەوە، لە بازاڕیش ڕێكاری دیكە گیراونەتە بەر بۆ قەدەغەكردنی سەوزە و دۆ و ماستاو لە چێشتخانەکاندا، ئاوی ماڵانیش بکوڵێندرێت ئنجا بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێت.