هاوسەرگیری منداڵان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٦٤٨ هاوسەرگیری منداڵان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ هاوسەرگیری ٢٠ هەزار و ٦٤٨ منداڵی مێینەی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ تۆمارکراوە.

 

هەروەها لەم ماوەیەدا هەزار و ٨٥ منداڵ بوون بە دایک، بەهۆی تۆمارنەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەرگیری منداڵان، پێشبینی دەکرێت ئامارە ڕاستییەکان لەو ژمارەیە زیاتر بێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، بە ڕێژەیەکی بەرز تەنها کچان دەبنە قوربانی هاوسەرگیری منداڵان، هەموو ئەو هاوسەرگیریانەی کە لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵەوە تۆمارکراون بۆ منداڵانی کچن، هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت لە بەهار تا پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ هەزار کچی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە ئێران هاوسەرگیریان کردووە.

 

لە کۆی تۆمارکراوی هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ، تەنها ١٢ حاڵەت پەیوەندی بە هاوسەرگیری کوڕانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵەوە هەیە و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٥ حاڵەتی بوون بە باوکی کوڕانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە ئێران تۆمارکراوە .

 

هەرچەندە هاوسەرگیریی منداڵان بە تاوانێک لە دژی منداڵان دادەنرێت، بەڵام حکومەتی ئێران بە ئامانجی هزری و ئایدیۆلۆژییەوە هاوسەرگیریی منداڵان بەرەوپێش دەبات، لە ڕێگەی یاسادانان و ئیمتیازاتی پێدانی قەرز ئەو مەرجانە دروست دەکات، پێشتریش لەم پەیوەندییەدا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی ڕژێمی ئێران لەگەڵ چالاکوانانی مافی منداڵان ڕوویداوە.