ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ڕانیە هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان گوڵستان و هێرۆیان شەرمەزار کرد

ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ڕاپەڕین ڕایانگەیاند، ئەرکی ڕاگەیاندنکاران و چلاکوانانی ئازادیخوازە ڕاستی ڕژێمی داگیرکەری تورک بۆ ڕایگشتی زیاتر ڕوونبکەنەوە.

ڕاپەرین

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان و میدیاکارانی ڕاپەڕین و توێژە جیاوازەکان، لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، دژی شەهیدکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین)، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهید کران، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و شەرمەزاریان کرد.

 

لە سەر ناوی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، دیڤان سیھاد ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، وەکو ئاشکرایە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوور لە هەموو پێوان و یاسایەکی نێودەوڵەتی شەڕی لەناوبردنی گەلی کورد دەکات و سڵ لە هیچ ناکاتەوە، لە مەیدانی جەنگدا چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت و ڕەزوباخ و  ژینگە تێکدەدات لە گوند و شارەکانیشدا هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج و شەهید دەکات.

 

وتیشی: هێرشکردنە سەر تیمی کارمەندانی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کۆمپانیای چەتر، لە ٢٣ـی ئاب، لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کرد، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی “گوڵیستان تارا، هێرۆ بەهادین” شەهید بوون و شەش ڕۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون.

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا دیڤان سیهاد ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیاری ئەم پێشێلکارییە و خوێنی ڕۆژنامەنوواسانن، ئەم کردەوە تیرۆرستییە دژ بە هەموو یاسا و پێوانە نێودەوڵەتییەکانە و تاوانی جەنگە، دەبێت بکەرانی و هاوکارە خیانەتکارەکانیان سزابدرێن و ڕیسوابکرێن، بێهەڵوێستی حکومەتی هەرێم و بێدەنگی ڕایگشتی بووتە هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم تیرۆر و پێشێلکارییەی دەوڵەتی تورک بەرمابەر بە هەر ئازادی خوازێکی کورد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤ، سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسانی عێراق و جیهان دەکەین لە ئاست ئەو تاوانە دژە مرۆڤانەیەدا بێدەنگ نەبن و کاری جدی بکەن بۆ فشارخستەنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ ڕاگرتنی هێرشە داگیرکارییەکانی و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیان و پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان.

 

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، ئەرکی ڕاگەیاندنکاران و چلاکوانانی ئازادیخوازە ڕاستی ڕژێمی داگیرکەری تورک بۆ ڕایگشتی زیاتر ڕوونبکەنەوە، کە چیتر ڕۆژانە هاوڵاتینای مەدەنی نەکاتە ئامانج، دارستانەکان نەسووتێنێت و دەستدرێژی نەکاتە سەر کلتور و بەهای ئەخلاقی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵێن بێت ڕێگای شەهیدان گوڵستان و هێرۆکان بەردەوامبێت، تا سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادیمان بەسەر هێزی ئەهریمەن و فاشیستاندا.