بۆ جاری دووەم خوشکی یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینەکەی ئێران بانگهێشت دەکرێت

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران شیدا حسێن پوری خوشکی یەکێک لە قوربانییەکانی ڕاپەرینەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان بانگکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە فشارخستنە سەر خێزان و کەسوکاری قوربانیانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، هەروەها هەڕەشەیان لێکردوون کە خۆیان بەدووربگرن لە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا کە چاوەڕوان دەکرێت هاوکات بێت لەگەڵ یادکردنەوەی کوشتنی ژینا ئەمینی.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ئاب بۆ جاری دووەم شیدا حسێن پوری، خوشکی ئازاد حسێن پوری، قوربانی ڕاپەڕینی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بانگهێشت کرد و بردیان بۆ دەزگای هەواڵگری مەهاباد بۆ لێکۆڵینەوە، لەوێ هەڕەشەی لێکرا بەشداری لە یادکردنەوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەدا نەکات کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد.

 

شیدا حسێن پوری یەکەم جار لە 13ی تەمموز لەگەڵ چوار ئەندامی خێزانەکەی بانگکرا بۆ بەشی هەواڵگری مەهاباد, دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، بەهۆی بەکارهێنانی "جلوبەرگی کوردی و هێما سیاسییە کوردییەکان" لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا هەڕەشەیان لێکراوە.

 

جێی ئاماژەیە کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، دکتۆر ئازاد حسێن پوری لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهۆی گولـلەی هێزی ئەمنی ڕژێمی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.