تاڵیبان لە ڕێگەی ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستانەوە هەوڵی شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی دەدات

حکومەتی تاڵیبان بڕیاریدا بەناوبانگترین و کۆنترین پارکی یارییەکانی کابولی پایتەختی ئەفغانستان لەناوببات و لەبری ئەوە، مۆڵ دروستبکات بۆ ئەوەی ئابووری زیاتر بەدەستبهێنێت.

بەهاران لەهیب

 

کابول- لە ماوەی بیست ساڵی ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ، زیاتر لە ٪٣٠ ناوچەکانی ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بوون، بە پاڵپشتی چەندین وڵات لە ناویاندا ئەمریکا، تاڵیبان ئەو خاکەی بەڕێوەدەبرد، میدیاکانی ئەمریکاش هەمیشە ڕایاندەگەیاند، کە دەسەڵاتی تاڵیبان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، تا ئەو کاتەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ بە تەواوی دەستیان بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا گرت.

 

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ئەفغانییەکان شایەتحاڵی زۆرێک لە تاوانەکان بوون کە لەلایەن تاڵیبانەوە ئەنجام دەدرێت، ڕۆژنامەنووسان، سەربازانی پێشووی حکومەت، چالاکانی مەدەنی، چالاکانی ژنان، منداڵان و مافی مرۆڤ و  ژنانی ناڕازی ڕووبەڕووی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و تیرۆر بوونەتەوە، ئەگەر لەو وڵاتەدا دەنگێک دژی تاڵیبان بەرز بکرێتەوە، ئەوا پەلە دەکرێت بۆ سەرکوتکردنی.

 

دیاردەی هەژاری و بێکاری و نائومێدی بەربڵاوە و ژنان بێبەش کراون لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، حیجاب بە ناچاری سەپێندرا و ژنان مافی ئەوەیان نییە بەبێ مەحرەم گەشت و گەڕان بکەن، جگە لەو پێشێلکاریانەش کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، تاڵیبان بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی وڵاتەکە، دەستیکرد بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئەفغانستان، بەتایبەت کابولی پایتەخت.

 

ئەو ڕێگاو پردانەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردوومانەوە وێران بوون، ئێستا سەرلەنوێ ئاوەدان دەکرێنەوە و لە هەمان کاتدا لە هەموو ناوچەیەکدا دوکان دروست دەکەن، کە لەگەڵ پلانی شارەکەدا ناگونجێت، بە مەبەستی بەکرێدانیان و کۆکردنەوەی باج لە خەڵک، هەروەها حکومەتی تاڵیبان بڕیاریدا پارکە گەشتیارییەکەی ناوەراستی شاری کابول لەناوببات، کە زۆربەی دارەکانی تیادا تەمەنیان زیاتر لە ٥٠ ساڵە، لە شوێنی ئەوە مۆڵی بازرگانی دروست دەکات، تا ئابووری زیاتر بەدەستبهێنێت.