ئەکتەرێکی کورد لە درامایەکدا ڕۆڵ دەبینێت کە لە پلەی یەکەمدایە

ژنێکی ئەکتەری کورد کە دایکی خەڵکی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە درامایەکدا ڕۆڵدەبینێت، کە پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنێکی ئەکتەری کورد لە زنجیرە درامایەکدا ڕۆڵ دەبینێت، کە پلەی یەکەمدایە لە نێو ئەو زنجیرە درامایانەی کە زۆرترین بینەریان لە ئەمریکا هەیە.

 

زنجیرە دراماکە بە ناوی "ئێرین کارتەر کێیە؟" ڕۆژی ٢٤ مانگی ئاب لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و ژنێکی ئەکتەری کورد بە ناوی "ئەڤین ئەحمەد" ڕۆڵی سەرەکی تێداگێڕا.

 

ئەڤین ئەحمەد، لە ساڵی ١٩٩٠ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لەدایکبووە، باوکی خەڵکی شاری سلێمانییە و دایکی خەڵکی شاری عەفرینە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەییەکی ١٠ ئەڵقەیی "ئێرین کارتەر کێیە؟" کە بەرهەمێکی نێتفلێکسە، سەرنجی بینەران و ڕەخنەگرانی لە ئەمریکا و جیهاندا ڕاکێشاوە.

 

نێتفلێکس ڕۆژانە ١٠ فیلم و زنجیرە دراما پیشان دەدات کە زۆرترین بینەری هەبووە، ئەم زنجیرە درامایەش لە ڕیزبەندی ئەو فیلم و درامایانەدایە.

 

زنجیرە دراماکە باس لە چیرۆکی ژنێکی بەریتانی دەکات کە بە هۆکارێک لەگەڵ کچە بچووکەکەی لە وڵاتەکەی هەڵدێت و بە هیوای ژیانێکی نوێ لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا نیشتەجێ دەبێت، بەڵام کێشە و کۆسپەکانی بەردەمی هەر بەوەوە کۆتاییان نایەت.

 

هاوکات ئەڤین ئەحمەد لە چەندین فیلم و درامای تردا ڕۆڵی گێڕاوە، ناوبانگی لە سوید و دەرەوەش پەیداکردووە، بەشێک لەوفیلم و درامایانە ئەمانەن Blue Eyes, The Rain, وSnabba Cash.