کاریگەرییە درێژخایەنەکان لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا

گۆڕانی کەشوهەوا هەندێک کاریگەری نائاسایی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە لە ڕەگەز و قەبارەی ئاژەڵەکانەوە تا دۆخی بەرهەمە خۆراکییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا هەندێک کاریگەری نائاسایی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە لە ڕەگەز و قەبارەی ئاژەڵەکانەوە تا دۆخی بەرهەمە خۆراکییەکان.

 

پسپۆڕانی بواری ژینگەیی کاریگەری چاوەڕوانکراو دەخەنەڕوو کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا بەسەر جیهاندادێت، مارمێلکە کە بنەڕەتەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئوسترالیا وەک هەندێک لە زیندەوەرەکانی تر، ڕەگەزی کۆرپەکانی کاریگەری پلەی گەرمی لەسەرە، گۆڤاری سمیسۆنیان بڵاویکردەوە، کاتێک کەشوهەوا گەرمتر دەبێت، ڕەگەزی مێینە زیاتر دەبێت.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو هێلکەیانەی کرۆمۆسۆمی ڕەگەزی نێریان هەیە، ئەگەر لە هێلانەیەکدا لە پلەی گەرمی ٣٢ پلەی سەدی یان زیاتردابن لە کۆتاییدا وەک مێینە گەشە دەکەن.

 

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، تەواوی جۆرەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هەروەها ئەوەی پێی دەوترێت دیاریکردنی ڕەگەزی وابەستە بە پلەی گەرمی کاریگەری لەسەر هەموو تیمساحەکان و زۆربەی کیسەڵەکان و زۆرێک لە ماسییەکان هەیە.

 

بچووکبوونەوەی بزن، بەرزی پلەکانی گەرما نابێتە هۆی ئەوەی بزنی نێر ببنە مێ، بەڵام ئەو بزنانەی لە بەرزاییەکانی ئەلبەکانی ئیتاڵیا دەژین بچووکتر دەبنەوە، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ساینس دەیلی، بزنی شاخاوی ئەلپاین شامۆیس ئێستا بە تێکڕا کێشی ٪٢٥ کەمترە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.

 

ئاژەڵە خوێن گەرمەکان کێشی جەستەیان دادەبەزێت، چونکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەو مانایەیە کە چیتر پێویستیان بە گۆشتێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی پلەی گەرمای لەشیان بپارێزێت.

 

بزنە بچووکەکان پێویستیان بە خۆراکی کەمتر دەبێت و بەگشتی دەتوانن کاتێکی زیاتر بەسەر بەرن بۆ پشوودان و کاتێکی کەمتر بۆ گەڕان بەدوای خۆراکدا بۆ ئەوەی هەوڵبدەن و دوور بکەونەوە لە گەرمبوونی زۆر، هەروەها ڕەنگە ژمارەی بزنەکان بگۆڕدرێن، چونکە بزنەکان کە کێشی لەشیان کەمدکات زیاتر لە زستانە ساردەکاندا بە بەستەڵەک دەبن و دەمرن.

 

شەرابی کوالیتی خراپ، ترێ هەستیارە بە گۆڕانی پلەی گەرمی، ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو نەبێت تێکدەچن یان پێناگەن، هەر ئەمەشە وایکردووە شووشەکانی هەندێک ساڵ تامیان باشتر و بەهایەکی بەرزتریان هەبێت لە بەرهەمهێنانی ساڵانی تر.

 

هەروەها ئەمەش دەتوانێت ڕێژەی ئەلکهول لە شەرابی دەرهاویشتوودا زیاد بکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تام و بۆنەکان، گۆڤاری زانستی ئەمریکی دەڵێت گۆڕانی کەشوهەوا بەو مانایەیە تەنانەت دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ٪٧٣ لە ناوچە جیهانییەکان کە گونجاون بۆ گەشەپێدانی شەراب تا ساڵی ٢٠٥٠.

 

قاوە، بەرهەمەکانی قاوە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، جووتیارانی بەرازیل کە گەورەترین هەناردەکاری قاوەیە لە جیهاندا، ئەمساڵ بەهۆی بەستەڵەک و وشکەساڵییەوە ڕووبەڕووی بەرهەمی دانەوێڵەی قاوەی ئەرابیکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بوونەتەوە.

 

تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ئەو ناوچانەی کە زۆرترین گونجاون بۆ چاندنی قاوە بە ڕێژەی ٥٠٪ دادەبەزن، هەروەها ئەو ناوچانەی کە بە شێوەیەکی مامناوەند گونجاون بە ڕێژەی ٣١-٤١٪ کەمبوونەوەی دەبێت.

 

هەورەبروسکە، لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٨ ملیۆن جار بەر زەوی دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ خێرابوونی گەرمبوونی جیهاندا، ئەو ژمارەیە دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، توێژینەوەیەک مەزەندەی کردووە لەگەڵ هەر ١ پلەی سەدی گەرمبوونەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ٪١٢ هەورەبروسکە.