ناڕەزایەتی ئەندامانی بزووتنەوەی "شەممە وەنەوشەییەکان" لە ئەفغانستان
ژمارەیەک ژن کە ئەندامی بزووتنەوەی "شەممە وەنەوشەییەکان"ن، داوای یەکگرتوویی هاووڵاتیانی ئەفغانستان لە دژی هێزەکانی تاڵیبان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی شەممە، ژمارەیەک ژنی ئەندامی بزووتنەوەی "شەممە وەنەوشەییەکان" لە پارێزگاکانی سامانگان و بەلخ داوای یەکڕیزی هاووڵاتیانی ئەفغانستانیان کرد لە دژی هێزەکانی تاڵیبان.
ژنان پۆستەریان بەدەستەوەبوو کە لەسەری نووسرابوو "تاڵیبان، جەلادی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەرم، شەرمەزاری، شەرمەزاری!" " پشتیوانی لە تاڵیبان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ"، "بێدەنگی و ترسی ئێمە گەورەترین چەکی تاڵیبانە"، "مافی دادپەروەری، ئازادی، نا بۆ تیرۆر و نا بۆ ئایدۆلۆژیای توندڕەوی پاکستان کە پشتیوانی تیرۆریستان دەکات"، ئەوان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانپێدانانی گرووپی تاڵیبان.
مریەم مەحروف ئاروین دامەزرێنەر و بەرپرسی ئەم بزووتنەوەیە لەم ڕاپۆرتەدا بۆ میدیای ڕەخشانە ڕایگەیاندووە: " بەپێچەوانەی میساق و بەیاننامەکانی، نەتەوە یەکگرتووەکان لەبری پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان، مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەموو پێکهاتە مرۆییەکان، پشتیوانی تاڵیبانی کردووە و هەوڵی شەرعیەتدان بەم گروپە دەدات."
لە ناڕەزایەتییەکانیاندا، ژنانی ناڕازی داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پاکستان کردووە، بە پشتیوانیکردن لە تاڵیبان و دروستکردنی زەمینە بۆ پێشێلکردنی ئازادیی هاووڵاتیان، جەماوەری ئەم ڕێکخراوە کەم نەکەنەوە.