ڤێتنام بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ٤٤.١ پلەی سەدی

لە بەشێک وڵاتانی جیهان بەرزترین پلەکانی گەرما تۆمارکراوە و پشێبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین پلەکانی گەرما زیاتر بەرزببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڤێتنام بەرزترین پلەی گەرمی تا ئێستا تۆمارکردووە، زیاتر لە ٤٤.١ پلەی سیلیزی شارەزایان پێشبینیان کردووە بەم زووانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەو پلەیە زیاتر تێدەپەڕێت.

 

ئەو ژمارە پێوانەییە لە پارێزگای تان هۆا لە باکووری ئەو وڵاتە تۆمارکراوە، کە بەرپرسان هۆشدارییان داوەتە خەڵک لە گەرمترین کاتەکانی ڕۆژدا لە ژوورەوە بمێننەوە.

 

تایلەند لە ویلایەتی ماک لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەیدا بەرزترین پلەی گەرمی ٤٤.٦ پلەی سەدی تۆمارکردووە، هاوکات میدیاکانی میانمار بڵاویانکردەوە، شارۆچکەیەک لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پلەی گەرمای ٤٣.٨ پلەی سەدی تۆمارکردووە، کە بەرزترین پلەی گەرمایە بۆ ماوەی دە ساڵ، هەردوو وڵات پێش وەرزی گەرما ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەرم دەبنەوە بەڵام توندی گەرما لە ئێستادا ڕیکۆردەکانی پێشووی شکاندووە.

 

جیهان لە سەرەتای سەردەمی پیشەسازییەوە نزیکەی ١.١ پلەی سەدی گەرم بووە و پلەکانی گەرما بەردەوام بەرز دەبنەوە ئەگەر حکومەتەکان کار بۆ کەمکردنەوەی بەرچاو لە دەردانی گازی ژەهراوی نەکەن.

 

لە شاری دانانگ لە ناوەڕاستی ڤێتنام، جووتیار نگوین تی لان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، گەرما کرێکاران ناچار دەکات زووتر لە جاران دەست بە کارەکانیان بکەن و تا کاتژمێر ١٠:٠٠ تەواوی بکەن، پلەی گەرمی پێشووی ڤێتنام ٤٣.٤ پلەی سەدی بوو، چوار ساڵ لەمەوبەر لە ناوەڕاستی پارێزگای ها تین تۆمارکرابوو.

 

داکای پایتەختی بەنگلادیش بەرزترین پلەی گەرمی لە ساڵانی شەستەکانەوە تۆمارکردووە لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هیندستان دەڵێن بەشێک لە وڵاتەکە پلەی گەرمایان بەخۆوە بینیوە کە سێ یان چوار پلە لە سەرووی ئاساییەوەیە.

 

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ئیسپانیا گەرمترین پلەی گەرمای بۆ ئەو مانگە تۆمارکرد و لە فڕۆکەخانەی کۆردۆبا لە باشووری وڵاتەکە گەیشتە ٣٨.٨ پلەی سەدی، لە مانگی ئاداردا زانایانی کەشوهەوا ڕایانگەیاندبوو کە پێدەچێت ئامانجێکی سەرەکی پلەی گەرمی جیهانی لەدەست بدرێت.

 

پێشتر حکومەتەکان ڕێککەوتبوون لەسەر کارکردن بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی بۆ سەرووی ١.٥ پلەی سەدی تێنەپەڕێت، بەڵام جیهان پێشتر پلەی گەرمی ١.١ پلەی سەدی گەرم بووە و ئێستا شارەزایان دەڵێن ئەگەری زۆرە لە ساڵانی ٢٠٣٠ دا پلەی گەرمی ١.٥ تێبپەڕێنێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەیدا، پانێڵی نێوان حکومەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ڕایگەیاندووە، هەر زیادبوونێکی گەرمبوونی جیهان مەترسییە فرەییەکان و هاوکاتەکان چڕتر دەکاتەوە.