هاشتاگی مەهسا ئەمینی، دژی کوشتنی ژنان بووەتە جیهانی

هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی، بووەتە هاشتاگێکی جیهانی و زیاتر لە ٤٠ ملیۆن جار ڕیتویت کراوە وەک پاڵپشتییەک بۆ دەنگی ناڕازی گەلانی ئێران و ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو هاشتاگەی کە بۆ پشتیوانی لە ژینا ئەمینی بڵاوبوەوە، ئەو ژنە گەنجەی کە لەلایەن دەوریەی ئیرشادی ئێرانەوە کوژرا بە بیانووی ئەوەی سەرپۆشەکەی گونجاو نەبووە، پاشان مردنەکەی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران لێکەوتەوە، هاشتاگەکە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن جار ریتویت کراوە.

 

هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی و وەشانی فارسییەکەی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران و هەروەها خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنرێت و ڕۆژانە وەک پشتگیرییەک بۆ دەنگی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران و ئیدانەکردنی کوژرانی ئەو ژنە گەنجە بەکاردەهێندرێت.

 

 ئەم ژمارەیە نزیکەی ١٠ هێندە زیاترە لە تازەترین و بڵاوترین هاشتاگەکانی تویتەر، ئەمەش کارێکی سەرکەوتووە و کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە بەهۆی هاوکاری ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان و هەروەها چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بەدەست هاتووە.

 

ژمارەی ڕیتویتەکان دەکرا لەوەش زیاتر بوایە ئەگەر ڕژێمی ئێران لە زۆر شوێنی ئەو وڵاتە ئینتەرنێتی دانەخستبایە یان زۆربەی ئەو ڕێگایانەی کە خەڵک بۆ خۆدەربازکردن لە فلتەرکردن و چوونەژوورەوە بۆ تویتەر بەکاریدەهێنن، ڕێگری لێ نەکردبایە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە، گرووپی هاکتیڤیست ماڵپەڕی فەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیان دابەزاند لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری لە وڵاتەکەدا پەرەیان سەندبوو، گروپی هاککردنەکە زۆر ماڵپەڕ و خزمەتگوزاری دیکەی دەوڵەتی کردۆتە ئامانج و ئیدیعای کردووە کە زیاتر لە دوو هەزار کامێرای چاودێری شەقامیش هاک کراون.

 

لە حاڵێکدا کە حکومەت ئینتەرنێتی لەو وڵاتە بڕیووە، بەڵام ئەو گرووپە هەوڵی وشیارکردنەوەی خەڵک دەدات سەبارەت بەو ڕێگایانەی کە خۆپیشاندەرانی ئێران دەتوانن بەردەوام بن لە بەکارهێنانی تۆڕەکە بۆ ئەوەی دەنگیان لە جیهاندا ببیسترێت.