دژی نەبوونی مووچە خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستی پێکردەوە
سەرەڕای ڕاگەیاندنی بایکۆتی دەوام، ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان لەبەردەم بینای پەروەردەی ڕۆژئاوا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تا بەردەم دادگای سلێمانی ڕێپێوانیان کرد.

سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان لەبەردەم بینای پەروەردەی ڕۆژئاوا خۆپیشاندانیان ئەنجامداو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکیش ئەو شەقامەیان داخست.
مووچەخۆران و فەرمانبەران لە دروشمەکانیاندا داوای تەوتینی مووچە و پێدانی مافەکانیان دەکرد و داوایان كرد کە هەرچی زووە چارەنووسی موچەی سێ مانگی کۆتای ئەمساڵ ئاشکرا بکرێت، دواتر مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی تا بەردەم دادگای سلێمانی ڕێپێوانیان کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە نزیكەی ٨٥ ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەیانە وەرنەگرتووە و بەهۆیەوە لە بەشێكی زۆری سنووری سلێمانی بایكۆتی دەوام دەستیپێكردووە.