لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دوو ژنە ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا

هاوپەیمانی ژنان لە ڕۆژنامەگەری-CFWIJ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەتی ئێکس ڕایگەیاند، کە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی ئالا تاهیر حەسەنات و ئایەت ئەلخادور لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ


هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لانیکەم گەیشتووەتە ١٣ هەزار و ٣٠٠ کەس، هاوپەیمانی بۆ ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا-CFWIJ-The Coalition For Women In Journalism پەیامێکی لە هەژماری میدیایی خۆی لە تۆڕی ئێکس ئەنتیتال ئێکس، سەبارەت بەو ڕۆژنامەنووسانەی بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا.

 

پەیامی هاوپەیمانی بۆ ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا بەم شێوەیەیە؛

"ئێمە ماتەمینی بۆ ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی ئالا تاهیر حەسەنات و ئایەت ئەلخادور ڕادەگەیەنین کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئازیزانیان دەکەین، لەو هێرشانەدا ٥٠ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، کە ٧ کەسیان ژن بوونم ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە بۆردوومانی ئیسرائیل دەکەین و بەڕێوەبردنی ئاگربەست دەکەین".